لیژنەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنی دوولایەنە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیێنێت، ئەگەر گفتوگۆ هەبێت دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، ئەستەم نییە. دەشڵێت، لیژنەی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێندراوە، ئەو رۆژانە رۆژانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و دانوستاندن دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو میانڕەوییەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبووە، کاریگەریی لەسەر لێکنزیکبوونەوەی ئەو دوو حیزبە دەڵێت: "ئێمە لە زۆر قۆناخ بەریەککەوتین دوایی جارێکی دیکە بە ناچاری پەنامان بۆ ئاشتی و میانڕەویی بردووەتەوە، چونکە لە بنچینەدا وەکو پرەنسیپ شەڕ ناکۆکیی کاتییە، ئەوەی کە بەردەوامە ئاشتی و میانڕەویە. بە خۆشحاڵییەوە ئەو رۆژانە ئەو دۆخە ئاسوودەییە دەبینین لە کوردستان، هێزە سیاسییەکان بە تایبەت دوو لایەنی زۆر گرنگ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گفتوگۆ و دانوستاندنیان هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی کە بووەتە هۆی ئەوەی لە یەکتریان دووربخاتەوە، چارەسەر هاوبەش بدۆزینەوە".

سەبارەت بە وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پارتی و یەکێتیش گوتی: "بە بۆچوونی من هەموو لایەک لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە دەبێت کۆبوونەوە بکەن، لیژنەی هاوبەش هەیە، دەبێت بەرنامەی کار دابنێن ئیدی ئەو رۆژانە رۆژانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و دانوستاندن دەبن".

لەسەر پرسی سەرۆککۆماریش چنار سەعد عەبدوڵڵا پێیوایە "هەرچەندە پرسەکان زۆر قورس بن و جیاوازییەکی زۆر لە بۆچوونەکان هەبێت، ئەگەر گفتوگۆ هەبێت دۆزینەوەی چارەسەر ئەستەم نییە".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردنیشەوە گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان پەکی نەکەوێت، رای پارتی روونە پشتگیری ئەوە دەکات ئەو یاسایە وەکو خۆی بڕوات بۆ ئەوەی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوا نەکەوێت، چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاساکان رەنگە پرۆسەکە دوابکەوێت، لەلایەکی دیکەوە پێمانوایە ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە. بەڵام ئەگەر هەر بڕیاروابێت هێزە سیاسییەکان گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوبەشیان هەبێت، پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ سیستەمێک نییە".

News Code 6093

Your Comment

You are replying to: .
captcha