بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "گرووپێکی لە یاسا بەدەر بەناوی هەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی، کە لامان روون و ئاشکرایە لەلایەن چ کەسانێکەوە هان دەدرێن، لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان هەڵبەستووە و هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم هەرەشانە نوێ نین و بە کردەوەش تاوەکو ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی هێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرهەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە."
هەر لەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە: "ئێمە لێرەدا پێیان رادەگەیێنین کە هەر دەستدرێژییەک بۆسەر هەرێمی کوردستان، کە قەوارەیەکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت. ئەوان لە مێژوو وانەیان وەرنەگرتووە، گەرنا دەیانزانی کە هێزی گەورەتر و پڕچەکتر لە ئەوانیش نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان ببەزێنێت."
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستەی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراقی بە "لە یاسا بەدەر" و "هەڕەشە" بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق ناودەبات و دەشڵێت: "هەر ئەوانن زەمینەیان بۆ گەشەکردنی تیرۆر و هزری تووندڕەوی خۆش کردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە: "سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە سەرقاڵی کاری هاوبەشن لە دژی تیرۆریستان و ئەم گرووپانەش سەرقاڵی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و وێرانکارین.. حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسە سەروەریی عێراق بپارێزێت و سنوورێک بۆ ئەم سەرەڕۆیی و دووژمنکارییانە دابنێت."
دەستەی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراقی پێشتر هەرێمی کوردستانی بە "مەشقپێکردنی ژمارەیەک گرووپی چەکدار بۆ پشێوی نانەوە و تێکدانی یەکگرتوویی گەلی عێراق و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "لەو کارەدا شوێنپەنجەی زایۆنییەت هەستپێدەکرێت.
Your Comment