بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنج شەممە 22ی خەزەڵوەر/ 12ی نۆڤەمبەری 2020، بەبێ ڕەچاوكردنی ویستی نوێنەرانی كورد، نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی عێراقیان تێپەڕاند و مەرجی زۆر قورسیان بۆ دابین کردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دیاری کرد.
پاش ئەم بڕیارە ناوەندە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیان بۆ مەحکووم کردن و ڕەخنە گرتن لە فراکسیۆنە سوننە و شیعەکان بڵاو کردەوە و ئەو پەسەندکراوەیان وەکوو ستەمێکی گەورە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و پێشێل کردنی شەراکەت و تەوافوقی سیاسی لەقەڵەمدا.
لەلایێکی دیکەوە، ژمارەیێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بەتایبەت نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان باسیان لە پیلانگێڕیی فراکسیۆنە عەرەبەکان لە دژی هەرێمی کوردستان و پێشێل کردنی ڕێککەوتنەکان کرد.
بڵێسە جەبار فەرمان نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، لەبارەی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق و پرسی پڕۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی عێراق ڕەوایەتێکی جیاوازی هەیە و دەڵێت: پرسی شەڕی کورد و عەرەب نیە، شەڕی بێمتمانەییە؛ لەسەر پێشھاتەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و یاسای قەرز زۆر نووسراو و زۆر قسە کرا و من نامەوێت دووبارەیان بکەمەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە: بەڵام ئەوەی ڕوویدا ھیچ پەیوەندیێکی بە کورد بوون و نەتەوەوە و شەڕی کورد و عەرەبەوە نییە. ئێمە مافمان ھەیە لە چوارچێوەی عێراقدا و بە ھەمان شێوە ئەرکمان لەسەر شانە.
نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی زیادی کرد: ناکرێت بە عقڵیەتی شاخ و پێشمەرگایەتی حوکمرانی بکەیت.ناکرێت بە عقڵیەتی خێڵداری دەوڵەتداری بکەیت. ناکرێت بە قەناعەتی لەبەرخاتری ''ریشی سپی'' و بیرکردنەوەی عشایری سیاسەت بەکەیت.
بڵێسە جەبار فەرمان جەختی کردەوە پەرلەمان شوێنی دەرکردنی یاسا و چاودێری و سیاسەتە و خێمەی سوڵحی عەشایری نییە تا بپارێیتەوە لەبەر سەر و ڕیشی سپیت کاتی زیاتر پێ بدرێتی. نە بەو شێوازە تەکبورە لە ڕادەبەدەرە و زمان زبریە و نە بەو شێوازی پاڕانەوە و چوونە سەر چۆکیە سیاسەت دەکرێت.
ناوبراو وتیشی: گەر مەبەستمانە مووچە و بووجە لە بغداد وەربگرین و خۆمان بە ھەرێمێکی فیدرال لە چوارچێوەی عیراق دا ببینین ئەوا دەبێت سیاسەتی بەرھەم ھێنانی نەوت ئتحادی بێت و لە رێگای سۆمۆ بەبازار بکرێت و داھاتی خاڵە سنووریەکان و فرۆکەخانەکان و باج و ڕسووماتی ئتحادی لە ٪٥٠ ئادەستی خەزێنەی گشتی بکەین.
نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی تەئکیدی کردەوە واز لە ھاژ و ھوژی شەڕ بێنن ھەر جارەو بەرانبەر بە لایەنێک. تا چەند رۆژ پێش پارتی کرێکارانی کوردستان بوون و ئێستا تێکرای سونە و شیعەی عێراقن کە دوژمنمانن و دژی قەوارەی ھەرێمن.
بڵێسە جەبار وتی: لە ڕاستی دا لایەنەکان زۆر مرونەتیان نواند و تا سعاتی 5ی بەیانی لەگەڵمان دا مانەوە، تا لەگەل ھەرێم دا بگەنە سیغەیەکی ھاوبەش و زیاتر لە چەند پێشنیارێکیان بۆ کردین کە ھەندێکیان زۆر دڵخۆشکەر بوون، بەڵام هەرێمی کوردستان مەبەستی نیە لە ڕادەست کردنی نەوت.
لە کۆتاییدا بڵێسە جەبار فەرمان ڕایگەیاند: بەم شێوەیە ئێستا بڕوات موازەنەی ٢٠٢١ زۆر لە زەرەری کورد دەبێت. لە سەر یەكێتی و لایەنەکانە فشار بکەن بۆ ڕادەست کردنی نەوت و دووبارە دروست کەرنەوەی متمانە.
داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment