بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان، حکوومەتی تورکیا و شەخسی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بە دژایەتی کردنی کورد تۆمەتبار دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر هاوکاریی خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە تورکیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی هەدەپە، بوڵدان لە کۆبوونەوەی ئاسایی فراکسیۆنی حزبەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا هەروەها ئاماژەی دا بە هێرشی پۆلیسی تورکیا بۆسەر ئەو خەڵکەی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئایسل دۆغان چالاکی سیاسیی کورد ئامادەبوون و وتی ئەم چەشنە ڕەفتارە دەرخەری ئەمەیە کە حکوومەتی تورکیا تۆقیوە لەوەی کە دەسەڵاتی خۆی لەدەست بدا و AKP هیچ داڵغەیەکی نییە مەگەر لەدەست دانی کورسیی دەسەڵات.
ئەم سیاسەتوانە کوردە لە درێژەدا وێڕای سەرکۆنە کردنی قەدەغەی کۆنسێرت و نمایشە کوردییەکان لە کوردستانی تورکیا لە ڕۆژی 15ی ئایار کە ڕۆژی زمانی کوردییە؛ وتی: کورد هەمبەر سیاسەتی یەکسانسازیی حکوومەتی تورکیا دەوەستێت و زمانی و فەرهەنگی خۆی زیندوو دەهێڵێتەوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەمەش کردەوە کە زمانی کوردی و مۆسیقا و فەرهەنگی کوردی زیندوو دەمێنێتەوە و ئەوەی لەناو دەچێت ئەردۆغانە.
Your Comment