بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشوازی لە ئەرتورۆ ئەنیپال رامیرز باڵیۆزی کۆماری فەنزوێلا لە عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەش داوە، باڵیۆزی فەنزوێلا بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان کرد و ئامارێکی لەبارەی ھەناردەی نەوت و توانا و ئەزمونی فەنزوێلا لەبواری نەوت و گاز و ئەڵماس و ئاڵتون و ئاسن و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کارەبا لە جیھاندا خستەڕوو.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، باڵیۆزی فەنزوێلا باسی لەوەشکردووە، دەیانەوێت بە پاڵپشتی ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە حکوومی و ئیدارییەکان، نووسینگەی نوێنەرایەتی باڵیۆزخانە لە سلێمانی و نووسینگەی کاروباری بازرگانی لەژووری بازرگانی سلێمانی بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: سلێمانی خاوەنی دوو بەنداوی گەورە و فرۆکەخانە و دوو دەروازەی نێودەوڵەتی و خاک و زەویەکی زۆری بەپیت و نەوت و گازی زۆر و ناوچەیەکی جوگرافی شاخاوی دڵڕفێن و چەندین زانکۆیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیشکی خۆر و ئاو و هەوای گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ھەروەھا ٣٢٪ ی پیشەسازی عێراق پێکدێنێت.
ھاوکات، ھەموو کارئاسانی و پاڵپشتییەکی بۆ کردنەوەی نوسینگەی باڵیۆزخانەی فەنزوێلا لە سلێمانی راگەیاند و داوای کرد ئەزمونیان لە بوارەکانی نەوت و گاز، کارەبا و کشتوکاڵ بگوێزنەوە بۆ سلێمانی.
Your Comment