داوا له‌ پارتى و يه‌کێتى ده‌که‌م هه‌رچى کێشه‌ و ناکۆکى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت داوا له‌ پارتى و يه‌کێتى ده‌که‌م هه‌رچى کێشه‌ و ناکۆکى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڵان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ کوردستان، عێراق و جيهان پيرۆز ده‌که‌م. هيواى جه‌ژن و پشوويه‌کى ئارام و ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان ده‌خوام.

جه‌ژن له‌ کاتێکدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ دۆخى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێويستى به‌ مانا و به‌هاکانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌يى، ئاشته‌وايى، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و پێکهاتنه‌وه‌. بۆيه‌ با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بکه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێک بۆ هاريکارى و لێکگه‌يشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌يران و ئاڵۆزييه‌کان تێپه‌ڕێنين و قۆناغێکى تازه‌ى پێکه‌وه‌يى ده‌ستپێ بکه‌ين، ده‌سکه‌وته‌کان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى کوردستان بپارێزين.

له هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو کاتێک زياتر پێويستيمان به‌ پێکه‌وه‌يى، ته‌بايى و يه‌کڕيزييه‌‌. بۆيه‌ داوا له‌ پارتى و يه‌کێتى وه‌ک دوو هێزى سه‌ره‌کى و هه‌موو لايه‌نه‌ کوردستانييه‌کان ده‌که‌م جه‌ژن بکه‌نه‌ ده‌رفه‌تێک و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى کێشه‌ و ناکۆکى هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆيان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى ميديايى و يه‌کترشکاندن بپارێزن. پێکه‌وه‌، يه‌کڕيز و ته‌با، هاريکار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش پێگه‌ و ڕۆڵ و کاريگه‌رييان هه‌بێت.

با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق ببێته‌ مايه‌ى خێر و خۆشى و کردنه‌وه‌ى ده‌رگايه‌کى ئاسووده‌يى و ئارامى و سه‌قامگيرى. جه‌ژن له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێک به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردسان

News Code 5875

Your Comment

You are replying to: .
captcha