بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وتارێکدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ لە رۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە: "لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی زاینی ئومێدەوارین ساڵی نوێ بۆ گەلەکەمان لە عێراق ساڵی خۆشگوزەرانی و ئارامی بێت، هەروەها ساڵی هیوا و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان بێت لە کۆتایی هاتنی کۆرۆنا لەگەڵ ئاستەنگییە ئەمنی و ئابورییەکان".
ئاماژەی بەوەش کردوە، "ماڵئاوایی لەساڵی 2020 دەکەین کەساڵێکی نائومێدی و قەیران بوو و لەو ماوەیەدا چەندین ئاستەنگی نەخوازراو روویان دا، لەناویاندا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەروەها گەردەلوولی سیاسی و قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان دۆخی وڵاتیان بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار پەلکێش کرد، ئەوەش دەرخەری راستەقینەی بوونی گرفت و کێشە بوو لە سیستەمی وڵات و حکومڕانی".
بەرهەم ساڵح باسی لەوەش کردووە، "بەرپرسیاریەتی مێژویی و نیشتیمانی هەمووانە و پێویستە بەجددی کاربکەین بۆ کۆتایی هێنان بە بەردەوامی قەیرانەکان، هەروەها دەبێت دان بەوەدابنێین سیستەمی حکومڕانی کە لەدوای ساڵی 2003ەوە دروست بووە، رووبەڕووی بۆشایی گەورە بووەتەوە و ناتوانێت خزمەتی هاوڵاتیان بکات، کە بێبەشن لە گرنگترین پێداویستییە رەواکانیان، بۆیە پێویستیمان بە گرێبەستێکی سیاسی نوێ هەیە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە توانای بونیاتنانی دەوڵەتێکی رێزلێگیراو و خاوەن سەروەری گەرەنتی بکات".
ئەوەشی خستەڕوو، نابێت هاوڵاتیانی عێراقی باجی ململانێ و گرفتی سیاسییەکان و گەندەڵی بدەن بەئاستێک کە یاری بە قووتی رۆژانەی ژیانییەوە بکرێت، بۆیە پێویست دەکات بڕیار و رێکارەکانی چاکسازی ڕوون بن و هاوڵاتیان لەکاریگەرییەکانی هەموو ململانێ سیاسییەکان دووربخرێنەوە، نابێت قوتی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە ململانێی سیاسییەکان و کاریگەرییە ماڵوێرانکارییەکانی گەندەڵی.
لە پەیامەکەی بەرهەم ساڵح-دا هاتووە، "لەم قۆناغە سەختەی داراییدا، پێویست دەکات پشتیوانی کردن لەو خێزانانەی لەهێڵی هەژاریدا دەژین لەرێگەی رێکاری بەپەلە بکرێتە کاری لەپێشینە، لەگەڵ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و نابێت لێبوردەیی هەبێت بەرامبەر ئەو کەسانە لەسەر حسابی سەروەری وڵات و یاسا و هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا".
روونیشی کردوەتەوە، چاوەڕوانین لەساڵی نوێدا لەگەڵ بەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکان، پڕۆژەی چاکسازی لەرێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەرد، کە لەرێگەیەوە هاوڵاتیانی عێراق نوێنەرەکانیان دوور لە ساختەکاری و فشار و دزینی دەنگەکانیان هەڵبژێرن، هەروەها چاکسازی تەواو بکرێت، کە شەهیدان بەخوێنی پاکیان نەخشەرێگاکەیان کێشاوە و لەپێناوی وڵاتێک کەرێزلێگیراو و ئازادبن قوربانیان بۆ بەخشیوە و هیچ شوێنێک بۆ توندڕەوان و گەندەڵکاران لەدەرەوەی یاسا بوونی نییە.
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها دەشڵێت عێراقییەکان شایستەی زیاترن لەوەی ئێستا تێیدا دەژین، لەوڵاتێکدا کە خاوەن سەرمایە و سامانێکی سروشتییە و پێگەی جیۆسیاسی وڵاتەکە دەیکات بەخاڵی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی نێودەوڵەتی، هەروەها عێراق دەکرێت ببێت بەخاڵی بە یەکگەیشتن و هاوسەنگی نێوان گەلانی ناوچەکە، ئەوەش بەبێ دوورکەوتنەوەی وڵات لە سیاسەتی جەمسەرگیری بەدینایەت.
لە پەیامەکەی بەرهەم ساڵح-دا ئەوەش هاتووە، "هیوادرین ساڵی نوێ ساڵی پتەو کردنی بنەماکانی سەرکەوتن بێت لەوڵاتدا، سەرکەوتنی خواست و خەونەکانی گەلی عێراق لەدابین کردنی ژیانێکی ئازاد و رێزلێگیراو کە درێژکراوەی شارستانیەتی دێرینی وڵات بێت، سوپاسی پارێزەرانی ژیان لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، هێزە ئەمنییەکان و گەنجان و خۆبەخشان دەکەین کە لە پێناوی پاراستنی هاوڵاتیان بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و برینەکانی دیکەی نیشتیمان، بەردەوام بوون لەخزمەت کردن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment