گرێبەستە نەوتیەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێ کێشەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- راوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق گەیشتۆتە ئەو ڕاستیەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم بێ کێشەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گفتووگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبێت و ھەڵوێستی حکوومەتی عێراقیش زۆر باشە و وەزیری نەوتی عێراقیش لێدوانی داوە و باسی لەوە کردووە کە زۆرینەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان یاسایین و ئەوەی ماویشە بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بێ کێشەیە و ئەگەر کێشەی ھەبووایە ئەو ھەموو کۆمپانیا زەبەلاحانەی دونیا نەدەھاتن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت کار بکەن".

بێوار خنسی گوتیشی: "زۆرینەی شارەزایانی نەوت پێان وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە پەلە و بێ وردبینی دراون، بۆیە حکوومەتی ھەرێم دەستپێشخەری کرد ئەو کێشەیە بە دانوستان چارەسەر بکرێت لەسەر بنەمای دەستوور، بۆیە ئەو دەستپێشخەریە و چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا زۆر باش بوو، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو بگەنە رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت و ئیدارەی نەوت بە شێوەیەکی باشتر بکرێت و لێدوانی وەزیری نەوتیش بەڵگەیە لەسەر گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم کە بێ کێشەن و باسی لەوەکردووە تەنھا ٢٠% لای ئەوان ڕوون نیە و ئەویش بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان ئامادەیە".

خنسی باسی لەوەش کرد: "دیار دەبێت ئەو کێشانەی دروست دەبن بەھۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسییە لەعێراق، بۆیە پەنابردن بۆ گفتووگۆ وا دەکات کێشەکان گەورە نەبن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی گرینگە و بنەڕەتیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەوەیە یاسای نەوت و غاز دەرکرێت، چونکە ئەوە کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە لەبنەڕەتدا، بەڵام پێویستە یاساکە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئامادە بکرێت".

ناوبراو وتیشی: "بڕیارە گفتووگۆ و کۆبوونەوە بەردەوام بن لە نێوان ھەرێم و بەغدا تاوەکو دەگەنە چارەسەریەکی بنەڕەتی".

News Code 5740

Your Comment

You are replying to: .
captcha