بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نووسراوێکی نووسینگەی کەرتی یەکی لێکۆڵینەوە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک، کە لە 14.3.2022 دەرچووە و ئاراستەی کارگێڕیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، هاتووە: "بەپێی ئەو بڕیارەی کە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک دەرچووە، دەبێ ناوی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووکمان بۆ بنێرن کە لە گشتپرسییدا بەشداربوون، هەروەها دەبێ نوێنەری یاساییتان لە نووسینگەکەمان ئامادە بێت بۆ روونکردنەوەی ئەوەی ئاخۆ دەیەوێ سکاڵا لە دژی بەشداربووانی گشتپرسی تۆمار بکات یان نا".
سەبارەت بە وردەکاری ئەم نووسراوە، محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوە لەسەر بنەمای سکاڵای فراکسیۆنی عەرەبی و فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەرچووە، پێشتر دادوەرێک هەبوو کە سکاڵاکەی بینیبوو و رەتیکردەوە لێی بکۆڵێتەوە و بە بابەتێکی سیاسی ناویبردبوو، بەڵام ئێستا دادوەرێکی دیکە هاتووە و دۆسێکەی جووڵاندووە".
محەممەد کەمال دەشڵێت: "بەشێکی زۆری دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک بەشداریی گشتپرسییان کرد و چەندین وەزیر و پەرلەمانتاری عێراق لەو پڕۆسەیەدا بەشداربوون و ئێستاش لە بەغدا پۆست و پلەیان هەیە، کەچی تورکمان و عەرەبی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک تازە بەتازە بەدوای جووڵاندنی ئەو کەیسەوەن، چونکە هەوڵدەدەن باری ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوە قورس بکەن و لە خانەنشینکردن بێبەشیان بکەن".
Your Comment