کوردپرێس:
مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە گەشتەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم کردووە و ڕۆژی دووشەمە 17ی حوزەیرانی 2019 لە یەکەم سەردانیدا گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ هەر یەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و سۆسیالیست کۆ بوویەوە.
بەپێی ئیدعای ماڵپەڕی شارپرێس مەسرور بارزانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی پێنەبووە و جەختی كردووەتەوە، كە داواكارییەكانیان دەخاتە بەردەم مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكرات.
مەسروور بارزانی، كە كاندیدی پارتی دیموكراتە بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێ، رۆژی دوو شەممە بەسەرۆكایەتی شاندێك لەگەڵ شاندێكی یەكێتیی نیشتمانی كۆبوونەوەی ئەنجام دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیێكی ئاگاداری ناو یەكێتی دراوە بەشارپرێس، شاندی ئەو حیزبە چەند داواكارییێكیان خستووەتە بەردەم مەسروور بارزانی ، كە خۆی لەچەند خاڵێك بینیوەتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، داواكارییەكانی یەكێتی بریتی بوون لەدانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك، كە دەبێت پارتی هاوكاری كاندیدەكەیان بكات و لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێبدەن، هەروەها داواشیان كردووە، پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر كاندیدی یەكێتی بدات بۆ پۆستی وەزارەتی داد.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەبەرانبەردا مەسروور بارزانی رایگەیاندووە، ئەو تەنیا بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان دەكات و دەسەڵاتی ئەوەی نییە، كە ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات.
شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە مەسروور بارزانی تەنیا بەڵێنی ئەوەی داوە داواكارییەكانی یەكێتی بباتەوە بەردەم مەكتەبی سیاسیی پارتی، بۆ ئەوەی تاوتوێی بكەن و بەزوویی وەڵامیان بداتەوە.
هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، شاندەكەی یەكێتی جەختیان كردووەتەوە، تا داواكارییەكانیان لەبارەی كەركووك و بەغدا جێبەجێ نەكرێت، ئەوە ئامادەنین، ناوی كاندیدەكان پێشكەش بكەن و بچنە پێشەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم.
Your Comment