بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش زیاتر بوونی دیدارەکانی بەرپرسانی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری باکووری سووریا لەگەڵ بەرپرسی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپی، پاش کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە داعش و شکست هێنانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، ئەم جارەیان گرووپێک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات سەردانی ئۆسلۆ پێتەختی نەرویژ دەکەن و لەگەڵ گیر پترسۆن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆ دەبنەوە.
عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: دیدارەکانی ئەمدواییە زۆر گرینگ بوون و لە کۆ بوونەوەکاندا دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیێکی تایبەت تاوتوێ کراون.
ناوبراو درێژەی دا لە دیدارەکاندا هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە دانووستانەکانی ژێنێڤ و بەشداری کردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە چارەسەر کردنی قەیرانەکانی سووریا و یاسای 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەوتەوەیەکگرتووەکان.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بەڵێنی داخڵ کردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریان لە دانووستانەکانی ئاشتیدا داوە و "هیوادارین کۆبوونەوەکان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دامەزراندنی سووریایێکی دیموکراتیک ".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment