ئارین شێخمۆس ڕۆژنامه‌وانی سووری و ئاشنا له‌گه‌ڵ دۆخی ئه‌و وڵاته سه‌باره‌ت به داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد و عه‌ره‌ب له خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا نه‌ک هه‌ر نوێنه‌ری کورده به‌ڵکوو نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی عه‌ره‌ب، ئاشووری و که‌لدانی و نوێنه‌ری ئیتنیکه‌کانی دیکه‌یه که له هه‌ندێک ناوچه وه‌ک ڕه‌قه، دێره‌زوور، ته‌بقا و دیکه‌ی ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌کان پێکهاتوون.
ناوبراو زیادی کرد: هه‌ر ناوچه خۆبهڕێوهبهرایهتییێکی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه که هاووڵاتییانی هه‌مان ناوچه کاروباری ناوچه‌که به‌ڕێوه ده‌به‌ن و له ڕاستیدا ئه‌و ناوچانه خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ری هه‌یه.
ئارین شێخمۆس ئاماژه به گردبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مدواییه دژی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ری باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌کات و ده‌ڵێت: ژماره‌یێک پڕۆپاگه‌نده‌ی نه‌رێنی دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له ڕاستیدا ده‌یانهه‌وێت به‌بۆنه‌ی هه‌ندێک ئامانجی تایبه‌ته‌وه بشێوه دروست بکه‌ن که گردبوونه‌وه‌کان زیاتر له‌لایه‌ن تورکیا و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریاوه ڕێکده‌خرێن.
ناوبراو ڕوونی کرده‌وه: بۆ نموونه له دێره‌زوور 20 بۆ 30 که‌س گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان ئه‌نجام دا و ته‌نانه‌ت هێرشیان کرده سه‌ر شوێن و داموده‌زگاکانی سه‌ر به حکوومه‌ت؛ ئه‌وان خه‌ڵکی سڤیل نه‌بوون به‌ڵکوو دواتر ئاشکرا بوو که سه‌ر به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بوونه و ئامانجیشیان تێکدانی ئاسایشی گشتی بووه.
ڕۆژنامه‌وانه سوورییه‌که ئاماژه به پێوه‌ندیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و شێخه‌کانی عه‌شایری عه‌ره‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌کات و ڕایده‌گه‌یێنێت: ئه‌مڕۆ 95 له‌سه‌دی شێخه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا قبووڵ ده‌که‌ن. له ڕاستیدا هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب، ئاشووری، سریانی و تورکمان 50 له‌سه‌دی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات پێکده‌هێنن و ئه‌م هێزه‌ش هێزێکی پێکهاتوو له ئیتنیکه جۆراوجۆره‌کانی سووریایه.
ئارین شێخمۆس له وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسیاره که ژماره‌یێک پێیان وایه له داهاتوودا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه عه‌ره‌بییه‌کان له‌لایه‌ن کورده‌وه شه‌ڕ له نێوان کورد و عه‌ره‌ب ڕوو ده‌دات زیادی کرد: هه‌ندێک گومان ده‌که‌ن که ئه‌مڕۆ یان له داهاتوودا شه‌ڕ له نێوان کورد و عه‌ره‌ب ڕوو ده‌دات به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته دووره له ڕاستییه‌وه چوونکه ئه‌مڕۆ عه‌ره‌ب پێگه‌یێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌کسانی له خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی باکووری سووریا هه‌یه به شێوه‌یێک که بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له کاروباری سیسته‌می باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دێته ئه‌ژمار.
ناوبراو گوتیشی: پێش له ده‌ست پێکردنی شه‌ڕ و پێش له‌وه‌ی ناوچه‌کانی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌لایه‌ن هێزی کورد- عه‌ره‌به‌وه ئازاد بکرێت هه‌میشه شه‌ڕ و پێکدادان له نێوان کورد و عه‌ره‌ب ڕووی ده‌دا به‌ڵام له‌و کاته‌دا که خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به به‌شداریی سه‌رجه‌م ئیتنیکهکانهوه پێکهاتووه ئێمه شه‌ڕ و پێکدادانێک له‌و ناوچانه نابینین.
شێخمۆس ئاماژه‌ی به کێشه‌کانی به‌رده‌م کورد و ناوچه‌ی دابڕێنراوی کوردی له باکووری سووریا کرد و ڕایگه‌یاند: له ڕاستیدا له ماوه‌ی دووسه‌د، سێسه‌د و پێنسه‌د ساڵ پێش ئێستا ده‌سته‌یێک له عه‌ره‌به‌کان به‌ره‌و کوردستانی سووریا کۆچیان کرد و له ئێستادا وه‌ک دانیشتوانی ناوچه‌که ده‌ناسێندرێن. له کاتی هاتنه سه‌ر کاری حافیز ئه‌سه‌د سیاسه‌تی ته‌عریب له ناوچه کوردنشینه‌کان ده‌ستی پێکرده‌وه و دوژمنیی نێوان کورد و عه‌ره‌ب ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.
ناوبراو زیادی کرد: گرووپێک له عه‌ره‌به‌کان که به قهمهر ناوبانگیان ده‌رکردووه له کاتی ده‌رکردنی فه‌رمانی ته‌عریب به‌ره‌و ناوچه کوردییه‌کان کۆچیان کرد که ژماره‌یان که‌مه و ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێته‌وه ئه‌وانیش بۆ ناوچه‌کانیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه به‌ڵام ده‌سته‌یێک له عه‌ره‌به‌کان که دوو سه‌ده‌یه له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین ئه‌مڕۆ به‌شێک له دانیشتوانی ناوچه‌که دێنه ئه‌ژمار.
شێخمۆس جه‌ختی کرده‌وه: له ده‌یه‌ی 70 و 80ی زایینی و له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی حافیز ئه‌سه‌د نزیکه‌ی سه‌د گوند له ناوچه‌یێکی هاوسنوور له‌گه‌ڵ تورکیا چۆڵ کرا -که دانیشتوانی کورد بوون- و ڕاده‌ستی عه‌ره‌به‌کانی "قهمهر" کرا که زۆربه‌یان له ڕه‌قه و حه‌ڵه‌به‌وه به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه کۆچیان کردبوو. له ڕاستیدا حکوومه‌ته‌کانی پێشوو به‌ئه‌نقه‌ست کارێکی وایان ئه‌نجام ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بشێوه له نێوان کورد و عه‌ره‌ب دروست بکه‌ن و ڕێگری له یه‌کپارچه‌ییی خاکی کورد بکه‌ن.
ئه‌م ڕۆژنامه‌وانه مه‌یدانییه ئاماژه به پێکهاته‌ی گریمانهگراوی حه‌شیمه‌ت له باکووری سووریا ده‌کات و ده‌شڵێت: نزیکه‌ی 30 له‌سه‌دی دانیشتوانی ناحیه کوردییه‌کانی باکووری سووریا له عه‌ره‌ب، ئاشووری، سریانی و تورکمان پێکدێت و له‌و ناوچانه‌ی که کوردنشین نین وه‌ک ڕه‌قه، ته‌بقا و دیکه‌ی ناوچه‌کان کورد حه‌شیمه‌تێکی زۆری نییه و ڕه‌نگه حه‌شیمه‌ته‌که‌ی نزیکه‌ی 15 بۆ 20 له‌سه‌د بێت.
ڕۆژنامه‌وانه‌که‌ی سووریا ئاماژه‌ی به حه‌شیمه‌تی ڕه‌قه کرد و گوتی: تا پێش له هێرشی داعش و گرووپه ڕادیکاڵه‌کان بۆ سه‌ر ڕه‌قه نزیکه‌ی سه‌د هه‌زار هاووڵاتیی کورد له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین به‌ڵام له کاتێکدا شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد زۆربه‌یان ئاواره بوون و به‌ره‌و باکووری سووریا کۆچیان کرد.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment