بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی دانووستانکاری پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم سەردانی سلێمانی کرد، سەرەتا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆ بووەوە و دواتر لەگەڵ حیزبی سۆسیالیست گفتوگۆیان کرد، شاندەکەی پارتی بۆ گفتوگۆ و وەرگرتنی سیڤی کاندیدەکان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد، دوای کۆبوونەوەکەش مەسروور بارزانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: گفتوگۆمان کرد لەسەر میکانیزمی پێکهێنانی کابینەی نوێ و داوامان لێکردن سیڤی کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتەکان پێشکەش بکەن.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا مەسروور بارزانی وتی: "سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی گۆڕان دەکەین کە لەم ماوەیەدا پابەندی ڕێکەوتنەکان بوون لەگەڵ ئێمە"، وتیشی چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکەین کە پێکەوە حکوومەتێکی بەهێز دروست بکەین و خەڵکیش لەوە زیاتر چاوەڕێ نەبێت، سەبارەت بە وادەی پێکهێنانی کابینەکە ڕایگەیاند: هیوادارین پێش پشوی پەرلەمان کابینەکە پێکبهێنین وە دەبێت تەواوی لایەناکانی تریش پابەند و بەرپرسیار بن و سیڤی وەزیرەکانیان پێشکەش بکەن، وتیشی دڵنیام بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت پێش وادەی دیاریکراوی خۆی سیڤی وەزیرەکانیان پێشکەش بکەن.
مەسروور بارزانی دڵفراوانی و خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان دەربڕی بەوەی کە ئەو لایەنانە هەست بە بەرپرسیاری دەکەن و دەیانەوێت کابینەی حکوومەت بەزووترین کات پێکبهێندرێت.
لای خۆیەوە جەلال جەوهەر ئاندامی شاندی دانووستانکاری گۆڕان وتی: بزووتنەوەی گۆڕان بەتەواوی پابەندە بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەمان لەگەڵ پارتی، وتیشی بەڵێنمان بە مەسروور بارزانی داوە هەتا بۆمان بکرێت لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا سیڤیەکانیان پێشکەش دەکەین، دەشڵێت تا ئێستا ناوی کاندیدەکانمان یەکلا نەبوونەتەوە
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment