گەشتەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە سلێمانییەوە دەستی کردووە بە سەردانکردنی لایەنەکان و لەگەڵ سۆسیالیست و یەکێتی و گۆڕان دیداری کرد.

کوردپرێس:

مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە گەشتەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم کردووە و ئەمڕۆ لە یەکەم سەردانیدا گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ هەر یەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و سۆسیالیست کۆ بوویەوە.

مەسروور بارزانی: یەکێتی سیڤیی پۆستەکانی بنێرێت/ یەکێتی: پێویستە پارتی نەرمیی زیاتر بنوێنێ‌

مەسروور بارزانی، راسپێرداو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان گوتی: "بە سوپاسەوە ئەمڕۆ هاتینە خزمەت برادەرانی یەکێتی بۆ ئەوەی باسی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، بە سوپاسەوە پێشوازییان لێکردین، باسی هەموو ئەو بەشانەمان کردن کە پێویستە لە کابینەکەدا ئێمە لەسەریان رێکبکەوین، بەتایبەتی مەسەلەی ئامادەکردنی سی ڤی کاندیدەکان لە وادەی خۆی پێش ئەو وادە یاساییەی لەپێشمانە تەواو بێت، بتوانین هەموو ئەو سی ڤییانە ئامادە بکەین و پێشکەشی پەرلەمانی بکەین بۆئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین".

سەبارەت بە بەستنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پێشکەشکردنی بەربژێرەکان لەلایەن یەکێتییەوە، مەسروور بارزانی گوتی: "نەخێر، یەکێتی وای نەگوتووە، ئەرکی ئێمە بۆ پێکهێنانی ئەم کابینەیەیە. بە ڕێزەوە برادەرانی یەکێتی پابەندی ئەو رێککەوتنەن کە پێشتر هەمانبووە لەسەر شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان لە حکوومەتی هەرێم، ئینشاڵڵا لە وادەی خۆی چاوەڕێی ئەوەین برادەرانی یەکێتی سی ڤی وەزیرەکانی خۆیان پێشکەش بکەن و خەڵک لەو چاوەڕوانییە رزگاریان بێت".

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتییش رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنی نێوانیان لەگەڵ پارتی پرسی پێكهێنانی حكوومەت ‌و پۆستی پاریزگاری كەركووك پێكەوە یەكلایی دەكرێنەوە ‌و دەشڵێت: "پێویستە پارتی نەرمی زیاتر بنوێنێ‌".

بارزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێكەوتنی پێشترمان لەگەڵ پارتی، پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ‌و پۆستی پاریزگاری كەركووك پێكەوە یەكلایی دەكرێنەوە. بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی چالاك ‌و كەشێكی ئارام پێویستە پارتی نەرمی زیاتر بنوێنێ‌، ئەوش لە قازانجی هەموو لایەنەكان ‌و خەڵكی كوردستانیشە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوان وەك ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی هەردوو پرسی پێكهێنانی حكوومەت ‌و یەكلایی بوونەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووكیان بە لیژنەیێكی باڵای یەكێتی سپاردووە و گوتی "بەهیوای ئەوەین ئەو لیژنەیە لەگەڵ پارتی بگەنە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كێشەكان".

شاندەکەی مەسروور بارزانی پێکهاتوون لە هێمن هەورامی، فرسەت سۆفی، دڵشاد شەهاب و ئومێد خۆشناو. شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتوون لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵا، لەتیف شێخ عومەر، عەدنان حەمەی مینا و لاهور شێخ جەنگی

وەزارەتی شەهیدان دەدرێت بە سۆسیالیست

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست و لەلایەن محەممەد حاجی مەحموودەوە پێشوازی لێکرا.

لەدوای کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا مەسروور بارزانی رایگەیاند: "لە کابینەی داهاتوو وەزارەتی شەهیدان دەدرێتە حیزبی سۆسیالیست".

دوای یەكلایی­بوونەوەی پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی کوردستان، بەرپرسێكی ئەو حیزبە ناوی بەربژێرەكەیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئاشكرا دەكات.

د. فەرهاد تۆفیق، راوێژكاری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی راگەیاند، بەربژێریان بۆ پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان یەكلایی بۆتەوە، "بەربژێری ئێمە بۆ ئەو پۆستە عەبدوڵڵا حاجی مەحموودە ‌و بەپێی بەركەوتەی خۆمان چوار پۆستی دیكەش لە حكوومەت وەردەگرین".

ئەو بەرپرسەی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دا، بە چوونی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان، كەسی دوومی دەرچووی لیستی سەردەم بۆ پەرلەمانی كوردستان كە باپیر كامەلایە ‌و سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستانە، دەچێتە شوێنی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ‌و دەبێتە پەرلەمانتاری خولی پێنجەم.

گۆڕان پابەندە بە ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتی

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و سۆسیالیست، گەیشتە گردی زەرگەتە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان.

مەسروور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت سوپاسی گۆڕانی کرد كە پابەندبوون بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەت و بەرپرسێكی ئەو بزووتنەوەیەش رایدەگەیەنێت كە لەكاتی خۆیدا سی ڤی كاندیدەكانیان پێشكەشدەكەن.

كۆبوونەوەی نێوان وەفدی پارتی بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پیكهێنانی حكوومەت لەگەڵ وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكیی ئەو بزووتنەوەیە بەڕێوە چوو.

لەدوای كۆبوونەوەكە، مەسروور بارزانی، راسپێدراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند كە داوایان لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كە سی ڤیی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.

مەسروور بارزانی وتیشی: سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی گۆڕان دەكەین كە پابەندی ئەو رێككەوتنە بوون كە لەگەڵ پارتی هەیان بوو، چاوەڕوانی ئەوەشیان لێدەكەن كە پێكەوە حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنن و خەڵك لەو چاوەڕوانییە رزگار بكەن.

هیواشی خواست پێش پشووی پەرلەمان كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێبهێنن، سەبارەت بە كۆی گشتیی سەردانەكەشی، مەسروور بارزانی رایگەیاند كە لە سەرجەم دیدارەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەو هەستەی تێدا بینیون كە كابینەی حكومەت زوو پێكبهێنن و لەكاتی خۆشیدا كابینەكە تەواو بكەن.

لای خۆیەوە جەلال جەوهەر، ئەندامی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: رێككەوتنمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پابەندین بەو رێككەوتنە، ئەمڕۆش بەڵێنمان دا كە تا بۆمان بكرێت لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا كاندیدەكانمان پێشكەش بكەین".

News Code 54401

Your Comment

You are replying to: .
captcha