کوردپرێس:
هونەرمەندی نێوداری كورد ئیسماعیلی سابووری ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە 16ی حوزەیرانی 2019 لە شاری سلێمانی بە هۆی جەڵتەی دڵەوە كۆچی دواییی كرد و تەرمی ئەو هونەرمەندە كوردە لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی هەرێمی كوردستان بەخاك سپێردرا.
ئاراس فەتاح نووسەری ناسراوی کورد لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە دەنووسێت “مردنی ئەم نەوە جوانە لە هونەرمەندانی كورد لە سەردەمێكدایە كە موزیكی كوردیی بە پرۆسەیەكی مەترسییداری بەگەعدەبووندا تێپەڕدەبێت. سەردەمی نوێی هونەری موزیكی كوردی پڕ بووە لە گۆرانبێژی هەرزان و هونەریی لووس كە لەكاتی ڕیشتاشین یان لوولكردنی قژدا گوێی لێدەگیرێت، یاخود لەكاتی زەماوەندا ڕیتمی هەڵپەڕكێ ئاڕاستەدەكات”.
ئاماژە بەوەش دەكات “ساڵانێكە مۆمی ژیانی ژمارەیێک لە سیاسەتمەدار و هونەرمەند و شاعیر و نووسەرانی سەدەی بیستەممان دەكوژێنەوە، گەر كوژاندنەوەی مۆمی ژیانی سیاسیێک ڕق و كینە و تاریكیمان بۆ بەرهەم بهێنێت، ئەوا كوژانەوەی مۆمی ژیانی هونەرمەندێكی وەك ئیسماعیل سابووری خەرمانەیێک لە خۆشەویستی و جوانییەكانی حوزنمان لە هونەری كوردیدا بۆ بەجێدەهێڵێت”.
ئیسماعیلی سابووری یەكێك بوو لە هونەرمەندە نێودارەكانی كورد و بە هونەر و دەنگە ڕەسەنەكەی ببووە جێی سەرنجی زۆرێك لە هۆگرانی گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەنی كوردی.
سابووری بە زیندووكردنەوەی ئاوازە ڕەسەنە كوردییەكان و ڕێچكە هونەرییە تایبەتە كوردییەكەی خۆی، جێی خۆی لە هونەری ڕەسەنی كوریدا كردبووەوە.
ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1954ی زاینی یان 1335ی هەتاوی لە شارۆچكەی نۆدشەی سەر بە پارێزگەی كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە.
ئەو لە تەمەنی 23 ساڵاندا بەشی هونەرە جوانەكانی لە زانكۆی تاران تەواو كردووە و لەوە بەدوا شارەزاییەكی زۆری لە بواری ئاواز و گۆرانی و مەقامەكاندا پەیداكردووە.
ناوبراو تاكاتی مانەوەی لە كوردستانی ئێران، 105 گۆرانی و ئالبوومێكی بەنێوی سەفەرنامەی كوردستان تۆماركردووە و لە ساڵی 2003ش كە هاتووەتە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێبووە، ئالبوومێكی تۆماركردووە.
هەروەها بەشداریی لە چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی و چالاكیی هونەریدا كردووە و چەندین كلیپیشی بۆ بەرهەمەكانی لەگەڵ كۆمپانیا و كۆمەڵە هونەرییەكاندا كردووە.
ناوبراو لە نێو هەرێمی كوردستاندا هۆگرێكی زۆری هەبووە و گۆرانییەكانی بەسەر زاری خەڵكییەوە بوون، بەتایبەت گۆرانی ئەی یاری نازدار.
Your Comment