کوردپرێس:
ژنەراڵ محەمەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزی چەکداری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە لێدرانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە دەریای عەمان دەکات و دەڵێت ئێران بێ منەتە لەوەی بڕیارەکانی بە ئاشکرا جێەجێ بکات و دیارە ئەگەر بڕیار بێت گەرووی هورموز قەپات بکات و ڕێگە بە کەشتییە نەوتییەکان نەدات لە کەنداوەوە تێپەڕن بە ئاشکرا ئیرادەکەی جێبەجێ دەکات و پێویست بە شاردنەوە و کاری ژێربەژێر نیە.
ژنەراڵ باقری گوتیشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تۆمەتی ناڕەوا ئیدعایان کردووە کە ڕووداوی تەقینەوە لە بەندەری فەجیرە و ڕووداوەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی کەنداوی عەمان دەستی ئێرانی تێدایە ئەوەش لە کاتێکدایە ئێران ئەوەندە ورە و هێز و توانا لە خۆیدا شک دەبات کە ئەگەر بیهەوێت گەرووی هورموز دابخات بە ئاشکرا دەیکات و پێویست بە شاردنەوە و کاری ژێربەژێر نیە. بۆیە ئەوانەش تۆمەتی ناڕەوان.
لێدوانەکەی ژنەراڵ باقری لە کاتێکدا دێت کە پێش دوو ڕۆژ دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداو کرانە ئامانج و هێزی دەریاییی ئێران فەرمانبەرانی یەک لە کەشتییەکانی ڕزگار کرد. هێرشەکەی سەر ئەو دوو کەشتییە هاوکات بوو لەگەڵ دیداری ئابە شینزۆ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران کە گوایا پەیامی سەرۆکی ئەمریکای پێ بوو و بە نیازی ناوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا سەردانی تارانی کردبوو.
Your Comment