ڕۆحانی: ڕووخانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە قازانجی هیچ لایێک نابێت

بەشی ئێران/ کوردی- سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 4 کۆ یەک ڕێککەوتنێکی ستراتێژییانەیە و ڕووخانی ئەو ڕێککەوتنە بە قازانجی هیچ لایێک نابێت نە ئێران و نە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 17ی حوزەیرانی 2019 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران قایمەی باڵوێزی نوێی فەڕەنسای وەرگرت و لە لێدوانێکدا بە باڵوێزی نوێی فەڕەنسای ڕاگەیاند ڕووخانی ڕێککەوتنی بەرجام لە بەرژەوەندیی فەڕەنسا و جیهانیش نابێت.

ڕۆحانی لە دیداری باڵوێزی نوێی فەڕەنسادا جەختیشی کردە سەر قووڵ کردنەوەی پێوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان تاران و پاریس و گوتیشی نابێت ڕێگە بدەن هیچ وڵات یان لایەنێکی دیکە ببێتە ئاستەنگ بۆ هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەو ماوەیەش دا کە ئێران وەکوو دەرفەتی دوو مانگە بە ئەورووپا و وڵاتانی واژۆکاری بەرجام دابووی بۆ ئەوەی پێبەندبوونیان بە ڕێککەوتنەکەوە بسەلمێنن و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: پاریس دەرفەتێکی کورت و نایابی دەست کەوتووە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی وڵاتانی دیکەی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی بتوانن نیازپاکیی خۆیان بسەلمێنن و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە بکەن.

لای خۆیەوە فیلیپ تی یبۆ باڵوێزی نوێی فەڕەنسا لە تاران ڕایگەیاند پارێس بۆی دەرکەوتووە کە تاران تەواو پێبەند بووە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە پارێزگاری لە ڕێککەوتنەکەوە بکەن و ئامادەی هەموو جۆرە گفتوگۆیێکن بۆ هێشتنەوەی بەرجام.

شایانی باسە زیاتر لە 13 مانگە ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشاوەتەوە و زۆر سزای ئابووریی بە سەر ئێراندا سەپاندووە و ئێرانیش یەک ساڵی تەواو بە پشوودرێژی داوای لە دیکەی وڵاتانی واژۆکاری بەرجام کردووە کە مشوورێکی بەرژەوەندییەکانی ئێران بخۆن بەڵام لایەنە ئەورووپییەکان یان ناوێرن یان نایانهەوێت پێبەند بن بە ڕێککەوتنەکە و بۆیەش لەو ماوەیەدا هەر بە زارەکی وتوویانە هەوڵی خۆیان دەدەن کە ڕێککەوتنەکە بمێنێتەوە. بەو پێیەش ئێران پێش یەک مانگ دەرفەتێکی دوو مانگەی بۆ وڵاتانی ئەورووپی دیاری کرد و ڕایگەیاند ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا هەنگاوێکی کرداری بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی ئێران هەڵنەگیرێت ئەوا دەست بە پیتاندنی ئورانیۆم بە بێ سنوور دەکات و هەنگاوی دووهەمیش پاش ئەو 60 ڕۆژە دیاریکراوە هەڵدەگیرێت.

News Code 54396

Your Comment

You are replying to: .
captcha