په‌رله‌مانتارێکی کورد: گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌جمه‌ددین كه‌ریم بۆ هه‌ولێر گورزێکه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری کوردی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگاری پێشووی که‌رکووک بۆ هه‌ولێر دێته‌ده‌نگ و ده‌ڵێت: گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌جمه‌ددین كه‌ریم بۆ هه‌ولێر گورزێکی کوشنده‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 16ی حوزه‌یرانی 2019 نه‌جمه‌ددین كه‌ریم پارێزگاری پێشووی که‌رکووک گه‌ڕایه‌وه‌ شاری هه‌ولێر ئه‌وه‌ش دوای ده‌ستگیركردن ‌و ڕاگرتنی بۆ ماوه‌یێک له ‌به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی نوێی هه‌رێمی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی كاردانه‌وه‌كان به‌و بابه‌ته غاڵب محه‌مه‌د‌ په‌رله‌مانتارێكی کوردی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ‌په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: به ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگاری پێشووی كه‌رکووک بۆ هه‌ولێر تووشی سه‌رسوڕمان بووم.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: نه‌جمه‌ددین كه‌ریم 22ی مانگی ڕابردوو له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌نته‌رپوڵ له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنانه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا و ماوه‌یێک ڕاگیرا به‌ڵام ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ئازاد کرا و گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر که‌ ئه‌مه‌ش گورزێک بوو به‌ر ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ریی عێراق كه‌وتووه‌.

په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌که‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتیشی: ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له ‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ ده‌یڵێت درۆیه چوونکه‌ ئه‌نجومه‌نی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێكهێندراوه‌ نه‌یتوانیوه‌ ڕووبه‌ڕووی نه‌جمه‌ددین كه‌ریم ببێته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین كه‌یسی گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گلاوه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54395

Your Comment

You are replying to: .
captcha