به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هۆی سووتاندنی به‌رده‌وامیی ده‌غڵودانی جووتیارانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له باکووری سووریا 9 که‌س کوژران و 17ی دیکه‌ش بریندار بوون.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی سووریا ده‌ست که‌وتووه، ڕۆژی ڕابردوو ئاگرێکی گه‌وره له ده‌غڵودانی وه‌رزێڕی گونده‌کانی "تل علو" و "گره فاتی"ی سه‌ر به ته‌ل کۆچه‌ر به‌ر بووه که له‌م ئاگرکه‌وتنه‌وه‌دا 3 ئه‌ندامی سوپای دیموکرات و هێزی ئاسایشی سووریا گیانیان له‌ده‌ست دا که هه‌وڵی کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌یان ده‌دا.
له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ی ڕابردوودا سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی سووریا درێژه‌ی هه‌یه و هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئاگادار گرووپی تیرۆریستیی داعش به به‌رپرسی سووتاندنی کێڵگه‌ی گه‌نمی جووتیاران ده‌زانن.
شایانی باسه؛ پێش له ده‌ست پێکردنی ئه‌م ئاگرکه‌وتنانه موناقهشهیێک له نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا له‌سه‌ر کڕینی گه‌نمی باکووری سووریا دروست بووبوو. دواتر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا مه‌یلی خۆی بۆ کڕینی گه‌نمی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد به نرخێکی خوارتر ڕاگه‌یاند و به‌رپرسانی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریاش ڕێگرییان له فرۆشتنی گه‌نم به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا کردبوو.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment