به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سعوود ئۆزه‌ر پارێزه‌ری سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی زیندانیکراوی هه‌ده‌په ئیدعاکان له‌باره‌ی ئازادکردنی ده‌میرتاش پاش دادگه‌ی ناوبراو له ڕۆژانی 18-19ی حوزه‌یرانی 2019 ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و ڕایده‌گه‌یێنێت: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له کۆبوونه‌وه‌ی دادگهییکردنی ده‌میرتاش له ڕۆژانی 18-19ی حوزه‌یراندا حوکمی ئازادی بۆ ده‌ربکرێت به بۆنه‌ی چه‌ندین حوکمی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی دۆسیه‌کانی پێشوو ئازادکردنی ناوبراو نامومکینه.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ئاماژه‌ی به پڕۆسه‌ی به‌رده‌وامیی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا کرد و گوتیشی: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی تورکیا له ڕۆژانی نزیک له هه‌ڵبژاردنی ئه‌سته‌نبۆڵ به‌رنامه‌یێکی وای به‌ده‌سته‌وه بێت تا ئه‌م ڕاده‌یه ئاشکرای ناکات. ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت بڕیار له‌سه‌ر ئازادکردنی ده‌میرتاش بدات بڕیاره‌که به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ به مانای سه‌رمایه‌دانه‌ری بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت. ئێمه له‌باره‌ی ئازادکردنی ده‌میرتاشه‌وه پێمان وایه که ده‌بێ چاوه‌ڕوانی بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا بین. له‌م ڕووه‌وه پێم وانییه له دانیشتنی دادگه‌ی داهاتوودا حوکمی ئازادی بۆ ده‌میرتاش ده‌ربکرێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment