فوئاد حسێن: چاره‌کردنی گرفته‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا پێویستی به‌ گفتوگۆی زیاتر هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری داراییی عێراق دڵنیایی ده‌داته‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناردنی مووچه‌كانیان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و ده‌ڵێت: چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌ و ناوچه‌ کوردستانییه‌کان پێویستی به‌ دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتر هه‌یه‌.

کوردپرێس:

فوئاد حوسێن وه‌زیری داراییی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین له‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوودا پشكی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكرێت.

ناوبراو گوتیشی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ئاستێكی باشدان و پێویست به‌ دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتریش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی پرسی نه‌وت و بودجه‌ و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ هه‌وڵه‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌رده‌وامن."

فوئاد حسێن باسی له‌وه‌ کرد که‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵ وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و گوتیشی: "كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ ساڵی داهاتوودا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ بودجه‌ی عێراقدا شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێن و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یێكیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام دراون."

وه‌زیری داراییی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: "ئومێدمان هه‌یه‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر بێــت و به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شیش ده‌توانرێـت چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان بكرێت كه‌ له‌ دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه دیالۆگه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54371

Your Comment

You are replying to: .
captcha