مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی تازه‌ی ئه‌ریکا له‌ عێراق کۆ بوویه‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی شه‌ممه‌ 15ی 6ی 2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ ماسیۆ توولێر باڵیۆزی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد و دواپێشهاته‌کانی عێراق، هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که‌ خرانه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ ستیڤ ڤیگن كونسووڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، مه‌سعوود بارزانی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

باڵیۆزی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكایش پێزانینی هه‌بوو بۆ ڕۆڵی مه‌سعوود بارزانی له‌ به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌هێزكردنی دۆستایه‌تیی نێوان كوردستان و ئه‌مه‌ریكا. هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی مه‌سعوود بارزانی بۆ باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌رز نرخاند و ڕایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی وای بۆ ده‌چێ كه‌ باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا و سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا بارودۆخی سیاسیی ناوچه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌كان و پێشڤه‌چوونی پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم تاوتوێ كران.

هه‌ڕه‌شه‌ی هزری توندڕۆیی و تیرۆریستانی داعش و چۆنییه‌تیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و ڕیشه‌كێش كردنی ته‌وه‌رێكی‌تری ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ بوو.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54359

Your Comment

You are replying to: .
captcha