پاش 41 ساڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دێتە تاران/ ئایا پەیامی ئەمریکای پێیە؟

بەشی ئێران/ کوردی- ئابە شینزۆ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن دوو هەفتە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران و بڕیارە لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دیدار و گفتوگۆ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئابە شینزۆ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ڕۆژی چوارشەمە 22ی جۆزەردان بەرانبەر بە 12ی حوزەیرانی 2019 لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حەسەن ڕۆحانی دەگاتە تاران و بڕیارە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆحانی ڕۆژی پێنجشەمە چاوی بە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیش بکەوێت.

ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنە کە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیکات و دوایین جار کە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەردانی ئێرانی کردبوو دەگەڕێتەوە بۆ 41 ساڵ پێش ئێستا.

دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەڵگری پەیامی ئەمریکا بۆ ئێرانە و مەبەستیەتی ببێتە ناوەندگیر بۆ خۆش کردنی ناکۆکییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لەم ڕۆژانەدا زیادی کردووە.

هەندێک لە میدیاکان دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردۆتەوە کە ئابە سێ پێشنیاری ئەمریکای پێیە کە بیگەیێنێتە بەرپرسانی باڵای ئێران و مەبەست لەو پەیامانەش ئەوەیە ئێران قبووڵی بکات گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات. بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە هیچ بەرپرسێکی فەرمی ئەو بابەتەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو ژاپۆن تایمز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی ئابە بە مەبەستی ناوەندگیری سەردانی ئێران ناکات بەڵکوو سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن پێوەندیی بە عیلاقاتی نێوان ئێران و ژاپۆنەوە هەیە و لەو سەردانەدا پێوەندییە دوو قۆڵی و هەرێمییەکان تاوتوێ دەکرێت.

لە لایێکی دیکەشەوە حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران وتوویەتی ئابە جگە لە ناوەندگیری هیچ مەبەستێکی دیکەی نیە و دەبێت چاوەڕوان بکەین بزانین چیی پێیە.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردووش هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی تارانی کرد و مەبەستی سەردانەکەشی ئەوە بوو مشوورێکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بخوات کە ئێستا زیاتر لە یەک ساڵە ئەمریکا لێی کشاوەتەوە و ئێرانیش ماوەی دوو مانگی بۆ دیکەی وڵاتانی واژۆکاری ڕێککەوتنەکە داناوە کە دەبێت هەوڵێک بدەن و نەهێڵن ئەو ڕێککەوتنە بڕووخێت چوونکە ئێران یەک ساڵی تەواو بە پشوودرێژی لێی خایاندوون و چیتر ناهێڵێت بەرژەوەندیی گەلی ئێران بەبۆنەی ئەو ڕێککەوتنەوە لە دەست بچێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پرێس کونفڕانسێکدا کە لە گەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەی برد ڕایگەیاند هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە بەرجام ڕزگار بکەن بەڵام دیارە خۆ ناتوانن موعجیزە بکەن.

ئەو لێدوانەی ماس دووپاتکردنەوەی هەڵوێستە کۆنەکانی ئەورووپا بوو و وا دەردەکەوێت کە نوێنەرەکەی ئەورووپا بە دەستی بەتاڵ لە ئێران گەڕایەوە ئەوەش لە کاتێکدایە تەنها نزیکەی 20 ڕۆژ لەو ماوەیە بە دەستەوە ماوە کە ئێران دیاریی کردووە.

News Code 54252

Your Comment

You are replying to: .
captcha