عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار باس له‌ سه‌ردانی به‌م نزیکانه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌ولێر ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی پیرۆزبایی کردن له‌ سه‌رۆکی نوێی هه‌رێمی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11ی حوزه‌یرانی 2019 سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار به‌ به‌غداد ئه‌لیه‌ومی ڕاگه‌یاند‌: بڕیاره‌ به‌م نزیکانه‌ عادل عه‌بدولمه‌ھدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ پیرۆزبایی کردن له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی ھه‌رێمی کوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران بچێته‌ ھه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کوردستان کۆ ببێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌که‌ که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت گوتیشی: ئه‌گه‌ر شتێک ڕوو نه‌دات پێده‌چێت ڕۆژی 13 یان 14ی ئه‌م مانگه‌ (واتا پێنجشه‌ممه‌ یان هه‌ینی) سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی ھه‌ولێر بکات.

هاوکات به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی سه‌ردانه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ هه‌ولێر گوتی: "پێشبینی ده‌كرێت سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نویی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی هه‌ولێر بكات."

شایانی باسه؛‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2019 نێچیرڤان بارزانی به‌ ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و سه‌ركرده‌ سیاسی و به‌رپرسانی ئیداری عێراق و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر سوێندی یاسایی خوارد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54246

Your Comment

You are replying to: .
captcha