به‌رهه‌م ساڵح و مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ دواپێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا باس له‌ به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات و دواپێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌کانی ناوچه‌که‌ کرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ ڕێگای ڕاگه‌یێندراوێکه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند که‌ ڕۆژی دووشه‌ممه 10ی حوزه‌یرانی 2019‌ به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ شاری ھه‌ولێر پێشوازی له‌ مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا کرد و هه‌ردوولا سه‌باره‌ت به‌ دواپێشھاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌کانی ناوچه‌که‌ گفتوگۆیان کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا جه‌خت له‌ گرنگیی ھاریکاری و دیالۆگی جددی کرایه‌وه‌ له‌ نێوان گشت لایه‌نه‌کان بۆ یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که‌ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له ‌زمانی ھه‌ڕه‌شه‌ له‌پێناو سه‌قامگیری ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی ئابووری له‌ ناوچه‌که‌دا.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆماری عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا باسیان له‌ به‌ھێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان عێراق و تورکیا کرد به‌ جۆرێک که‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ھاوبه‌شه‌کانی نێوان ھه‌ر دوو وڵات بکات.

شایانی باسه‌ که‌ به‌رهه‌م ساڵح و مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ بۆ به‌شداری‌کردن له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی هه‌ولێریان کردبوو.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54226

Your Comment

You are replying to: .
captcha