بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، شاند و پەیام بۆ ئێران و ئەمریکا و ئەورووپا دەنێرین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدرای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی کردەوە وڵاتەکەی هەوڵ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی تایبەت بۆ ئێران و ئەمەریکا و ئەورووپا دەنێرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند ناوبراو لە شاری بەغدا پێشوازیی لە هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە عەبدولمەهدی لە دیدارەکەدا خۆشحاڵیی خۆی لە گەشەسەندنی پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا دەربڕیوە و هەروەها جەختی لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنیەتیی کردووە کە لەسەردانەکەیدا بۆ بەرلین واژۆیان لەسەر کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند خەڵکی وڵاتەکەی خۆشحاڵن بە هاوکاریی عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا و متمانەیان بە کەرتی پێشەسازیی ئەو وڵاتە هەیە.

عەبدولمەهدی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان ئێران وئەمریکا وتی: ئێمە دەبێت هەوڵ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان بدەین، ئێمە کار بۆ ئەم بابەتە دەکەین و هەر لەمبارەوە پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی هەیە و پەیامی جیاوازمان بۆ تاران و واشنتن ناردووە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەڵویستەکانی عێراق و ڕۆڵی ناوبژیوانیی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند و هەروەها نیگەرانیی بەرلینی بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە ڕاگەیاند.

ماس ئاماژەی دا بە سەردانی چەند ڕۆژی داهاتووی خۆی بۆ تاران و وتی لەبارەی قەیرانی ئێستای ناوچەکە گفتوگۆ دەکات و وەبیری هێنایەوە لە دیداری بەرپرسانی ئێرانیدا جەخت لە سەر پێبەند بوونی ئەڵمانیا و ئەورووپا بە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی و گرنیگ بوونی ڕێککەوتنەکان دەکاتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54178

Your Comment

You are replying to: .
captcha