کوردپرێس: لێپرسراوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هیچ پلانێک نییە بۆ ڕاگرتنی سزای لە سێدارەدان یان کەم کردنەوەی ئەو حوکمانەی کە دادگای تاوانەکان دەرهەق بەو کەسان دەری دەکات کە تۆمەتبارن بە ئەندام بوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا.
لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی ئەلعەربی ئەلجەدید لە زاری ئەو لێپرسراوە عێراقییانەوە بڵاوی کردووەتەوە" هەر پلانێک یاخود فشار بە ئاراستەی کەم کردنەوەی سزاکان یان دوورخستنەوەیان لە سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانی هەتا هەتایی بەهیچ شێوەیێک لە ئارادا نیە، چوونکە دەقی یاسای تاوانە کارپێکراوەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٥٣وە کاریان پێدەکرێت، کە سزای لە سێدارەدانی بۆ تاوانی کوشتن دیاری کردووە بە مردن یان لەهەڵواسین تا مردن، چوونکە ئەگەر بێتوو ئەو سزایانە کەم بکرێنەوە، دەبێت پێشتر ئەو یاسا عێراقییانە هەموار بکرێنەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە حکوومەتی فەڕەنسا داوای کردبوو دادگایێکی نێودەوڵەتی دابمەزرێت، بە مەبەستی دادگایی کردنی ئەو چەکدارە فەڕەنسیانەی کە لە ڕیزەکانی داعشدا شەڕیان کردووە و لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانیان لە لایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە بۆ دەرچووە.
مانگی ڕابردوو دەزگای دادوەریی عێراق، چەندین دانیشتنی بۆ ١٤ تۆمەتباری فەرەنسی ڕێکخست بە تاوانی ئەندامیەتی ڕێکخراوی داعش، دادگا لە کۆتاییدا ١١ کەسیانی تاوانبارکرد و سزای لە هەڵواسین تا مردنی بۆ ١١ کەسیان دەرکرد، ئەو بڕیارانەش بووە مایەی پەرچەکرداری حکوومەتی فەڕەنسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە پێیان وایە پرۆسەی دادگایی کردنەکان دادپەروەریی تێدا پەیڕەو نەکراوە.
سەرچاوەیێکی عێراق ئاشکرای کردووە، ئەو سزا و حوکمانەی دەرهەق بەو هاوڵاتییە فەرەنسیانە دەرکراون، دەکرێت لە ماوەی مانگێکدا داوای پێداچوونەوەیان بۆ پێشکەش بکرێت، دواتر دۆسییەکانیان ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕاستاندنی بۆ بکرێت و سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
لە ئێستاشدا کێشەی چەکدارە دەستگیرکراوە بیانییەکانی داعش بووەتە بابەتێکی ئاڵۆز، بە تایبەت دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دەوڵەتەکانیان ڕەتی دەکەنەوە وەریان بگرنەوە، جگە لەوەش هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانەی داعشیان لە دواپێگەگانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی رووباری فوڕات دەستگیر کردووە، چەند جارێک رایانگەیاندووە ناتوانن پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو چەکدارە بیانیانە بەڕێوەبەرن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment