مورته‌زا عه‌بادی کۆنسووڵی ئێران له هه‌ولێر ئاماژه‌ی به به‌ڕێوه‌چوونی پیشانگای ئابووریی ئێران له هه‌ولێر کرد و به کوردپرێسی وت: ڕۆژی 21ی مانگی جۆزه‌ردانی 1398/ 11ی حوزه‌یرانی 2019 پیشانگای تایبه‌ت به ناساندنی تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له شوێنی هه‌میشه‌ییی پیشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی هه‌ولێر به ڕووبه‌رێکی 7 هه‌زار مه‌تری ده‌کرێته‌وه که 200 کۆمپانیا و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئێران تێیدا به‌شداری ده‌که‌ن و بۆ ماوه‌ی پێنج ڕۆژ درێژه‌ی ده‌بێت.
ناوبراو سه‌باره‌ت به کواڵێتییهکانی پیشانگا ئاماژه‌پێکراوه‌که ڕایگه‌یاند: به‌ڕێوه‌چوونی پیشانگای تایبه‌ت به ناساندنی تواناکانی ئێران له هه‌ولێر له ساڵێکدا که له‌سه‌ر دروشمی "گه‌شه‌ی وه‌به‌رهێنان" ناوی لێنراوه پیشانگایێکی تایبه‌ت و ڕووداوێکی گرنگ له په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت و کارتێکهرییێکی ئیجابی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی هاوکارییه هاوبه‌شه‌کانی نێوان هه‌ردوو لا داده‌نێت.
مورته‌زا عه‌بادی سه‌باره‌ت به هه‌بوونی کاڵا و شتومه‌کی ئێران له بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان زیادی کرد: بازرگانانی هه‌رێم به‌بۆنه‌ی هه‌ندێک هۆکاره‌وه له‌وان لێکچوونی سه‌لیقه، کوالێتی و نرخی باش و ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئاسانی کاڵا بازرگانی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران به گونجاو ده‌زانن له‌م ڕووه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان له هه‌بوونی کاڵای ئێران له بازاڕه‌کانی هه‌رێم پیشان ده‌ده‌ن.
کۆنسووڵی ئێران له هه‌ولێر له‌باره‌ی کارتێکه‌ریی بانگه‌شه‌کان بۆ ناساندنی کاڵای ئێرانی جه‌ختی کرده‌وه: بانگه‌شه بۆ ناساندنی کاڵا کارتێکهرییێکی زۆری له‌سه‌ر خواستی به‌کارهێنه‌ر بۆ به‌کارهێنانی کاڵاکان هه‌یه به‌ڵام که‌موکوڕیی سه‌ره‌کیی ئێمه کهڵکوهرنهگرتنی ناوه‌نده بهرههمهێنهرهکانمانه له پوتانسییه‌لی به‌رچاوی بانگه‌شه که به‌پێچه‌وانه‌ی دیکه‌ی ڕکابه‌ره‌کان ئاوڕێکی زۆر له‌و بابه‌ته نادرێته‌وه.
مورته‌زا عه‌بادی له‌باره‌ی به‌رنامه لاتهکییهکانی پیشانگای ئابووریی ئێران له هه‌ولێر ڕاشیگه‌یاند: پیشانگای ئابووریی ئێران ده‌رفه‌تێکه بۆ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی بازرگانان و ناوه‌نده وه‌به‌رهێنه‌ره‌کانی ئێران له‌گه‌ڵ بازرگانانی هه‌رێم له‌م ڕووه‌وه ده‌رفه‌تێک بۆ چالاکوانانی بازرگانی و ناوه‌نده وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان هاتۆته‌دی بۆ ئه‌وه‌ی دیدار و گفتوگۆ بکه‌ن و ڕاگۆڕینهوهکانیان سه‌باره‌ت به کاڵای ئێران ڕابگه‌یێنن.
ناوبراو سه‌باره‌ت به کارتێکه‌ریی سزاکانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان جه‌ختی کرده‌وه: هه‌رچه‌ند که گه‌مارۆ زاڵمانه‌کانی ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت دابینکردنی ده‌رمان بۆ نه‌خۆشه‌کان و گواستنه‌وه‌ی یارمه‌تیی داراییی هاووڵاتییانی ئێرانی دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ زیانلێکه‌وتووانی سێڵاوی به‌ره‌وڕووی کێشه کرده‌وه به‌ڵام ئاوڕدانه‌وه‌ی ڕاستبینانه‌ی ئێران له دراوسێکان و به‌رژه‌وه‌ندیی مادی و مه‌عنه‌ویی هاوبه‌شی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عێراق له‌وان هه‌رێمی کوردستان گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ی سڕ کرده‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment