به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مێهمه‌ت ئۆجه‌لان برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که که به بۆنه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه سه‌ردانی زیندانی ئیمرالی کردبوو باسی له ورده‌کارییه‌کانی چاوپێکه‌وتنه‌که کرد و ڕایگه‌یاند: "بۆ ماوه‌ی 20 ساڵه سه‌ردانی ئیمرالی ده‌که‌م و دێمه‌وه به‌ڵام ئه‌مه یه‌که‌م جاره به‌و شێوه تونده دهپشکندرێین به جۆرێک که له 4 بۆ 5 وێستگه پشکنینیان بۆ کردووین. ڕێوشوێنێکی توندی وا له هیچ شوێنێکی‌تردا ئه‌نجام نادرێت. پاش ئه‌و ڕێوشوێنه تونده ئه‌منانه توانیم بچمه ناو زیندان و له ژوورێکی جیادا چاوم به براکه‌م بکه‌وێت."
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا باسی له‌وه کرد: له چاوپێكه‌وتنه یه‌ک کاتژمێرییه‌که‌م له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به شێوه‌یێكی تێروته‌سه‌ل باسمان له دواپێشهاته‌کانی ناوچه‌که، سیاسه‌ته‌کانی تورکیا، کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كۆتایی هاتنی مانگرتنه‌كان، باكووری سووریا و شنگال كرد. عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به دۆخی باکووری سووریا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که پێویسته گه‌لی باکووری سوریا بۆ ئازادیی زیاتر تێ‌بکۆشن به‌ڵام پێویسته گه‌لانی دیکه‌ی سووریاش به‌شداری ئه‌و تێکۆشانه بن و ژیانێکی هاوبه‌ش دروست بکه‌ن.
مێهمه‌ت ئۆجه‌لان باسی له‌وه کرد که ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که له په‌یامه‌كه‌یدا ڕه‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌کانی کورد و تورک گرتووه و ڕایگه‌یاندووه: "به قۆناخێكی قهتیسكراودا تێده‌په‌ڕین، سیاسه‌تی قڕكردن و جه‌نگ هیچ ده‌ره‌نجامێكی نابێت، ده‌بێ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌وه بزانێت كه به قڕكردن و سیاسه‌تی جه‌نگ هیچ ده‌ستكه‌وت و قازانجێكیان نابێت بۆیه پێویسته شێوازێكی دیكه‌ی مامه‌ڵه‌كردن تاقی بكاته‌وه. هه‌م ده‌وڵه‌ت و هه‌م په‌كه‌كه ده‌بێ شێوازی دیكه‌ی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی بگرنه‌به‌ر. به كوشتن و خوێنڕشتن هیچ ئه‌نجامێكی چاره‌كردن به‌دی ناكرێت. ده‌بێ كار به میكانیزمی به‌ده‌ستهێنانی ئاشتییێكی شكۆمه‌ندانه بكرێت."
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌باره‌ی مانگرتنی چالاكوانان و زیندانیكراوان جه‌ختی کرده‌وه: "چالاکییه‌کانی مانگرتن ڕێبازێکی تێکۆشانه به‌ڵام ئه‌مه‌ش تا شوێنێکه و دوای ماوه‌یێک ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت زیان له جه‌سته‌یان ده‌دات بۆیه پێویسته چالاکییه دیموکراتییه‌کانی گه‌ل پێشبخرێت. ئه‌م جۆره مردنانه زیانی زۆری به كه‌سوكاره‌كانیان و به منیش گه‌یاند. ڕێبه‌ری په‌که‌که سه‌ره‌خۆشی له خانه‌واده‌ی ئه‌و که‌سانه کرد که به‌هۆی مانگرتنه‌وه گیانی خۆیان سپارد."
ڕێبه‌ری زیندانیکراوی په‌که‌که له په‌یامه‌که‌یدا له‌باره‌ی گۆشه‌گیری و چاوپێكه‌وتنی به پارێزه‌رانییه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه دا: "ناتوانم بڵێم كه‌ناڵه‌كانی چاوپێكه‌وتنه‌كان به ته‌واوه‌تی كراوه‌ته‌وه یان داخراوه، پێویسته چاوه‌ڕێ بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بێت‌و دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كان به هه‌میشه‌یی كراوه بێت ئه‌مه بۆ هه‌موو كه‌س كارێكی زۆر باشه به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر دیسان به ته‌واوه‌تی دابخرێت و قه‌ده‌خه بكرێت بۆ هه‌موو كه‌س ماڵوێرانی ده‌بێت".
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment