قوباد تاڵه‌بانی‌ بۆ پارتی و یەکێتی: ئەم جەژنە بکەنە ده‌رفه‌تێک بۆ تێپه‌ڕاندنی تارمایی لێكترازان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵه‌بانی‌ به‌بۆنه‌ی‌ هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ په‌یامێكی‌ پیرۆزبایی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و له‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئێستاش ده‌دوێت و ده‌ڵێت"له‌ سۆنگه‌ی هه‌ست كردنم به‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ و وه‌ک به‌جێهێنانی ئه‌ركی خۆم داوا له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی ده‌كه‌م ئه‌م جه‌ژنه‌ كه‌ بۆنه‌یێکی گه‌وره‌ی لێبورده‌یی و گه‌ردن ئازادییه‌ وه‌ک ده‌رفه‌تێكیتری خێرا و نوێ بڕه‌خسێنن بۆ پێكهاتن و تێپه‌ڕاندنی تارمایی لێكترازان".

کوردپرێس: له‌و په‌یامه‌یدا له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ خه‌ڵكی كورد له‌ كه‌ركووک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تر، قوباد تاڵەبانی رایده‌گه‌یێنێت: له‌ دۆخێكی یه‌كجار خراپ و دژواردا ده‌ژین و هه‌ست به‌ ئاسایش و ئارامی ناكه‌ن، رۆژانه‌ هه‌راسان ده‌كرێن و به‌ره‌نگاری توندڕه‌وی و حوكمی چه‌ک ده‌بنه‌وه‌، كه‌چی هه‌موو شه‌ڕه‌كه‌ له‌ دانانی پارێزگارێک و كێشه‌ی كاندیدی ئه‌م پۆسته‌دا چڕكراوه‌ته‌وه‌.

ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌:

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان...

هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له‌ هه‌موو لایێک پیرۆز بێت، جه‌ژن ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌ بۆ لێبورده‌یی و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی به‌ ئاراسته‌یێک ده‌ڕۆن خه‌ریكه‌ خۆشی و شادی جه‌ژن له‌ گه‌له‌كه‌مان تێكبده‌ن و نه‌هێڵن وه‌ک جاران تامی بكات.

خه‌ڵكی ئێمه‌ وه‌ڕه‌س بوون له‌ ململانێ، بێزارن له‌ شه‌ڕه‌ قسه‌ و پاڵه‌وانبازی، یه‌كێتی و پارتی و حیزبه‌ كوردییه‌كانی تر شه‌ڕ و ئاشتی، ناكۆكی و كاری پێكه‌وه‌ییان وه‌ک یه‌ک ئه‌زموون كردووه‌، ئیتر دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ ده‌بێت له‌وه‌ تێگه‌یشتبێتین كه‌ هێز له‌ پێكهاتندایه‌ نه‌ک له‌شه‌ڕه‌ لێدوان و قووڵ كردنی زیاتری ناكۆكییه‌كان.

خه‌ڵكی كورد له‌ كه‌ركووک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تر له‌ دۆخێكی یه‌كجار خراپ و دژواردا ده‌ژین و هه‌ست به‌ ئاسایش و ئارامی ناكه‌ن، رۆژانه‌ هه‌راسان ده‌كرێن و به‌ره‌نگاری توندڕه‌وی و حوكمی چه‌ک ده‌بنه‌وه‌، كه‌چی هه‌موو شه‌ڕه‌كه‌ له‌ دانانی پارێزگارێک و كێشه‌ی كاندیدی ئه‌م پۆسته‌دا چڕ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی بچووكه‌ له‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق.

له‌ سۆنگه‌ی هه‌ست كردنم به‌ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ و وه‌ک به‌جێ هێنانی ئه‌ركی خۆم داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی ده‌كه‌م ئه‌م جه‌ژنه‌ كه‌ بۆنه‌یێكی گه‌وره‌ی لێبورده‌یی و گه‌ردن ئازادییه‌ وه‌ک ده‌رفه‌تێكی تری خێرا و نوێ بڕه‌خسێنن بۆ پێكهاتن و تێپه‌ڕاندنی تارمایی لێكترازان.

کۆدی هەاڵنێر: 60113

News Code 54124

Your Comment

You are replying to: .
captcha