عادل عه‌بدولمه‌هدی: حکوومه‌تی ئیتیحادی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان نابڕێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ ته‌نها یه‌ک به‌رمیل نه‌وتیشی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌کردووه‌ و ده‌ڵێت: حکوومه‌تی ئیتیحادی به‌ هیچ شێوه‌یێک مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان نابڕێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 2ی حوزه‌یرانی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ کۆنفڕانسی هه‌فتانه‌ی خۆیدا ڕایگه‌یاند: به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق ده‌بێت حکوومه‌تی هه‌رێم ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ مانگێکه‌ یاساکه‌ په‌سه‌ند کراوه‌ و ده‌ست کراوه‌ به‌ جێبه‌جێ کردنی به‌ڵام له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا هه‌رێم نه‌وتی ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ نه‌کردووه‌ و به‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌فرۆشێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق زیادی کرد: به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2019 حکوومه‌تی ئیتیحادی به‌ هیچ شێوه‌یێک مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان نابڕێت.

ئه‌و وتانه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌رباره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان له‌ کاتێکدایه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا حکوومه‌تی عێراق مووچه‌ی چوار مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستانی ڕه‌وانه ‌کردووه‌ به‌ڵام حکوومه‌تی هه‌رێم ته‌نها دوو موچه‌ی دابه‌ش کردووه بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڕه‌نه‌وتێکیش له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ڕاده‌ستی به‌غدا بکرێت.

له‌ یاسای بودجه‌ی 2019دا پشكی هه‌رێم به‌ 12.67% دیاری کراوه‌ و به‌پێی یاساکه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌وه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ئه‌وا به‌غدا مانگانه‌ ته‌نها 522 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌نێرێت که‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌وتیش ڕاده‌ستی به‌غدا بکات ئه‌وه‌ کۆی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی به‌پێی بودجه‌ ده‌درێته‌ هه‌رێم له‌مساڵدا زیاتره‌ له‌ نۆ ترلیۆن دینار.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54097

Your Comment

You are replying to: .
captcha