کوردپرێس:
مەسەلەی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا لەبارەی مەلەفی نەوتەوە وێڕای ئەوەی بۆتە خاڵی جێی ڕەخنەی عەرەبەکانی بەغدا بەڵکوو لە هەرێمی کوردستانیش نکۆڵ و ڕەخەگری زۆری هەیە.
سەرکەوت شەمسەدین نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەند بە کوردپرێسی وتووە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان هەر لە دەرهێانەوە هەتا داهاتەکەی دەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بخرێت بە بارێکدا و ئەنجامێکی ئاشکرای لێدەربچێت و ڕای گشتییش لە وردەکاریی ئەو مەلەفە ئاگادار بکرێتەوە و کۆتایی بە گەندەڵییەکانی لە مەلەفی نەوتدا بهێنرێت.
ناوبراو ئاشکراشی کرد ئەگەر بێتوو دەوڵەتی نوێی هەرێمی کوردستان نەتوانێت دۆسیەی نەوت شەفاف بکات و لەبارەی نەوتەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند نەگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر ئەوانیش وەکوو بەشێک لە نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراق کەیسەکە دەجووڵێنن و بە فەرمی لای دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەن.
شەمسەدین گوتیشی نەوت و داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ بەستراوە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە و بێدەنگبوون و هەڵوێست وەرنەگرتن لەبەرانبەر سیاسەتەکانی پارتییەوە قازانجی نابێت.
ئەو نوێنەرە کوردەی پەرلەمانی عێراق زیادی کرد: "بە بۆنەی سیاسەتی غەڵەتی پارتی و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم لە بودجەی 2019ی عێراق زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە."
ناوبراو کە نوێنەری پێشووی فراکسیۆنی نەوی نوێ بوو، پارتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە زیاتر لە 60 لە سەدی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ خۆی بردووە و دەشڵێت: "پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە ڕێگای کۆمپانیاکانی خۆیانەوە نەوتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دەرەوەی وڵات ناردووە و 60 لە سەدی داهاتی نەوتەکەیان گواستۆتەوە بۆ ئەکاونتی بانکی خۆیان. هۆکارەکەش ئەوەیە دەوڵەتی ناوەند چاودێریی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت ناکات."
سەرکەوت شەمسەدین گوتیشی نەوتی عێراق بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان بەقاچاخ دەبرێت و هۆکارەکەشی بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە یەکەم ئەوەی بۆشاییی یاسایی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دووهەم ئەو ناکۆکییانەی نێوان هەولێر و بەغدا بوونەتە زەمینەخۆشکەر بۆ بەقاچاخ بردنی نەوتی هەرێم.
ناوبراو بڕوای وایە ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا تەنیا قازانجی حیزبیی دەبێت و بەزیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و ڕادەستنکردنی ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیلەکە مەترسیی بڕینی قووتی خەڵک لە بەغداوە دروست دەکات.
بەگوێرەی مادەی 10ی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق هەولێر دەبێت ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی دەوڵەتی ناوەند بکات بەڵام ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەگەر هاتوو حکوومەتی هەرێم پێبەند نەبوو بە ناردنی نەوتەکەوە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم نەبڕدرێت
شایانی باسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتەش یەک بەرمیل نەوتی ڕادەستی بەغدا نەکردووە و دەڵێت ئەگەر بڕیار بێت هەولێر نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات ئەوا دەبێت دەوڵەتی ناوەندیش قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن بدات.
ژمارەیێک لە بەرپرسانی بەغدا و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستانیش هۆشدارییان لەبارەی مەسەلەی ڕادەستنەکردنی نەوتی هەرێمەوە داوە و سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لەو بارەیەوە بە کەناڵی شەرقیەی وتووە ئەگەر بێتوو هەرێمی کوردستان پێبەند نەبێت بە ڕادەستکردنی نەوتەکەی ئەگەری زۆرە دەوڵەتی ناوەندیش جگە لەو 4 مانگە مووچەیەی نێردراوە چیتر هیچ بودجەیێکی بۆ هەرێم نەنێرێت.
سەرکەوت شەمسەدین لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی بە دوو حیزبی دەسەڵاتخواز و ئوتۆڕیتەیی وەسف دەکات و دەڵێت پڕۆژە و خزمەتگوزارییان پێ نییە بۆ هاووڵاتییان و لەبارەی هەڵبژێردرانی نێچیرڤان بارزانییشەوە دەڵێت دەبوو بە بۆنەی تاڵانی کردنی نەوتی هەرێمەوە دادگایی کرابا نەک ئەوەی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
Your Comment