مه‌سعوود بارزانی: ئامانجی تیرۆر تێكدانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی كه‌ركووكه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی که‌رکووک هاته‌ده‌نگ و گوتی: ئامانجی تیرۆر تێکدانی پێکه‌وه‌ژیانی پێکهاته‌کانی که‌رکووکه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له ‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگا‌ی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێکی له‌باره‌ی زنجیره‌ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ شاری که‌رکووک بڵاو کرده‌وه‌ و وێڕای ئیدانه‌کردنی ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی کاری هاوبه‌شی نێوان داموده‌زگای هه‌رێم و حکوومه‌تی عێراق کرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌که‌:

به‌ ناوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

به‌داخێكی زۆره‌وه‌ له‌ شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 30ی 5ی 2019 له‌ ئه‌نجامی زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی له‌ شاری كه‌ركووک ژماره‌یێک هاووڵاتی شه‌هید و ژماره‌یێكی‌تر بریندار بوون. وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ ده‌كه‌ین سه‌ره‌خۆشییش له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ تیرۆریستییه‌ ده‌كه‌ین و هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ بریندارن ده‌خوازین. داوایش له‌ حكوومه‌تی عێراقی ده‌كه‌ین به‌ زووترین كات ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانانه‌ ئاشكرا بكرێن و به‌ سزای خۆیان بگه‌یێندرێن.

ئامانجی تیرۆر تێكدانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی كه‌ركووكه‌ و مه‌ترسییێكی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان و ئاسووده‌ییی خه‌ڵک. بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریش به‌تایبه‌ت له‌ شاری كه‌ركووک پێویسته‌ كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له ‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگا‌ی هه‌رێم و حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت. ئه‌وه‌یش له‌پێناو بنبڕكردنی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و پاراستنی پێكهاته‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووک بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

مه‌سعوود بارزانی

31ی 5ی 2019

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54048

Your Comment

You are replying to: .
captcha