کوردپرێس: ئیدریس حاجی عادل، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک بە خەندان-ی راگەیاند: شەوی رابردوو لە سنووری قەزای داقوق داعش ئاگری لە دەغڵ ودانی جوتیارانی گوندەکانی سنووری حەوتەغار و کاکەییەکان و تاڵەبانییەکان بەرداوە.
نابراو ئاماژەی بەوەش کرد لە سنووری حەوتەغار کاتێک هاوڵاتیانی ناوچەکە ویستویانە بچن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، چەکدارانی داعش بۆسەیان داناوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتیێک گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکە بریندار بون.
لە ترسی ئەوەی کە بۆمبی چێنراو لەسەر ڕێگەکە بن، جووتیارە کوردەکان نەیانتوانی بچن بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە.
بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک وتیشی "بە سەدان دۆنم زەوی دانەوێڵە سووتاون، لە ترسی ئەوەی کە بۆمبی چێنراو لەسەر ڕێگەکە بن، جووتیارە کوردەکان نەیانتوانی بچن بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە و لە دوورەوە تەماشای سووتانی بەرهەمی ماندووبوونیان دەکرد، چوونکە خەڵک ئێستا وای لێهاتووە دانەوێڵەی لا گرنگ نییە، بەڵکوو مەترسی کوشتن لەسەر ژیانی خۆیان هەیە و سەلامەتی خۆیان لا گرنگترە".
ئەو رەخنەی لە هێزە ئەمنییەکان هەیە و دەڵێت دوای زیاتر لە کاتژمێرێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە کە ئاگرەکە بەتەواوی نەمابوو شەڕیش نەمابوو، ئەو هێزانە بۆ پاراستنی کورد نەهاتبوون.
ئەوە یەکەم رووداوی ئاگربەردانە زەویە کشتوکاڵییەکان و دانەوێڵەی جووتیارانی ناوچە جێناکۆکەکان نیە، لەماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا سەدان دۆنمی زەوی دانەوێڵە سووتێنراون.
ئیدریس حاجی عادل لەبارەی بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە روونی کردەوە، "ئێمە هیچمان پێناکرێت تا پێشمەرگەی کوردستان نەگەڕێتەوە سنووری ئەو ناوچانەی کە کوردی لێیە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment