په‌روین بوڵدان: کووده‌تای 15ی جووڵای و قه‌یرانی ئابووریی تورکیا لێکه‌وته‌کانی کۆتایی‌هاتنی دانووستان ئاشتی بوون

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی فراکسیۆنی حیزبه‌که‌ی له‌ په‌رله‌مان قسه‌ی ده‌کرد له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ پڕۆسه‌ی دانووستانی ئاشتی کرد و گوتی: کووده‌تای 15ی جووڵای و قه‌یرانی ئابووریی تورکیا لێکه‌وته‌کانی کۆتایی‌هاتنی دانووستان ئاشتی بوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی فراکسیۆنی حزبه‌که‌ی له‌ په‌رله‌مانی تورکیا باسی له‌ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ئیمرالی و کۆتایی‌هێنان به‌ مانگرتنه‌کان کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌م چالاکییه‌ ده‌بێته‌هۆی سه‌رکه‌وتنی ئاشتی، دیموکراسی و سه‌رانسه‌ری تورکیا. گه‌ل به‌ باشی ئه‌مه‌ بزانێت که‌ خۆڕاگری‌کردن ژیانه‌ و ژیانیش به‌ مانای خۆڕاگری‌کردنه‌. مانگرتنه‌کان ناڕه‌زایه‌تی به‌ ناعه‌داله‌تی بوو و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌ریخست که‌ سه‌رده‌می تاریک به‌رده‌وام نابێت. ڕێگه‌دان به‌ چاوپێکه‌وتنی ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌کانی پاش چوار ساڵ هه‌موومانی دڵخۆش کرد. پاش کۆتایی‌هاتنی پڕۆسه‌ی دانووستانی ئاشتی سه‌رده‌مێکی خراپمان له‌ تورکیا ئه‌زموون کرد له‌ کووده‌تاوه‌ بگره‌ تا قه‌یرانی ئابووری له‌ حاڵێکدا که‌ له‌ پڕۆسه‌ی دانووستانی ئاشتیدا دایکه‌کانمان فرمێسکیان نه‌ده‌ڕژاند و گه‌نجه‌کانیشمان گیانیان له‌ده‌ست نه‌ده‌دا. له‌ پڕۆسه‌ی دانووستانه‌کاندا زۆر به‌ ئاشتی نزیک بووینه‌وه‌ به‌ڵام به‌ کۆتایی‌هاتنی پڕۆسه‌که‌ 4 ساڵیان له‌م وڵاته سه‌نده‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: چاره‌سه‌رکردنی تێکڕای کێشه‌کان له‌ ڕێگای یه‌کده‌نگیی کۆمه‌ڵایه‌تی و دانووستانی دیموکراتیکه‌وه‌ مومکینه‌. جارێکی‌تر ڕای‌ده‌گه‌یێنم ئێمه‌ وه‌ک HDP درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی دیموکراتیک و نه‌خشه‌ڕێگای ئاشتی ده‌ده‌ین. تا ئه‌و کاته‌ی که‌ کۆماری تورکیا دیموکراتیزه‌ نه‌کراوه‌ هه‌رگیز ئاڵای ئه‌م خه‌باته‌ ناهێننه‌ خواره‌وه‌.

بۆڵدان ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌سته‌نبۆڵ کرد و ڕاشی‌گه‌یاند: 250 لاپه‌ڕه‌ ڕاپۆرتیان ئاماده‌ کردووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ حوکمی ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردندا بڕگه‌یێکیش له‌سه‌ر به‌تاڵان بردنی ده‌نگه‌کان باس نه‌کراوه‌. ئه‌مه‌ له‌بیر نه‌که‌نه‌وه‌ که‌ گه‌ل بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له‌ ڕۆژی 23ی جوون ده‌بێت. هه‌ر ڕێگایێکی نایاسایییان ئه‌نجام داوه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ڕاپۆرتی ساخته‌ییی 250 لاپه‌ڕه‌یی که‌ ئاماده‌یان کردووه‌ په‌یامی من به‌ خه‌ڵکی ئه‌سته‌نبۆڵ ئه‌مه‌یه‌ که‌ به‌ جیاوازیی 250 هه‌زار ده‌نگه‌وه‌ سه‌ر بکه‌وین. هه‌ڵبژاردنی 23ی جوونی ئه‌سته‌نبۆڵ هه‌ڵبژاردنێک وه‌ک هه‌ڵبژاردنی مووش، شڕناخ و باغلاره‌. هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شاره‌وانییانه‌یه‌ که‌ به‌تاڵانیان بردووه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53984

Your Comment

You are replying to: .
captcha