بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەبارەی بەشدارینەکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژادرنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئومید خۆشناو سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى ڕاشیگەیاند: نێچیرڤان بارزانى بە ٦٨ دەنگى فراکسیۆنە جیاوازەکان بە سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرا و سوپاسی ئەو لایەنانەش دەکەن کە پابەندی رێککەوتنی نێوانيان بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمڕۆوە هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەی نوێی حکوومەتى هەرێم دەستپێدەکات.
هەرلەمبارەوە ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بەهۆی پابەندنەبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێککەوتنەکانی، پارتی بە ڕێککەوتنەکانیدا دەچێتەوە.
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیێنێت بەبێ دەنگدانی ئێمە، هیچ کاندیدێکی یەکێتی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ناتوانێت هیچ پۆستێک وەربگرێت و ڕێژەی یاسایی بەدەست بهێنێت.
هێڤیدار ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە بڕیاریان داوە لەبەر ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی بەشدارییان لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا نەکرد، فراکسیۆنی پارتی کە ٤٥ ئەندامی هەیە، دەنگ بە هیچ کاندیدێکی یەکێتی بۆ هیچ پۆستێک نەدات.
شایانی باسە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان بە بێ بەشداریکردنى فراکسیۆنى نەوەى نوێ و فراکسیۆنى یەکێتى بەڕێوەچووە و تەنها ٨١ پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
هاوکات چوار کاندیدەکەى دیکە کە بریتیبوون لە رێبوار خۆشناو، ئومێد عەبدولسەلام، محەمەد حەمەساڵح و هیوا عەبدوڵا، دەنگى هیچ ئەندام پەرلەمانێکیان بەدەستنەهێنا.
سەرچاوە: میدیاکانی هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment