حه‌شارگه‌یێکی گرنگی داعش له‌ پارێزگای که‌رکووک تێکشکێندرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی سوپای عێراق له‌ که‌رکووک باس له‌ تێکشکاندنی حه‌شارگه‌یێکی تیرۆریستانی داعش له‌ ڕۆژئاوای ئه‌و پارێزگا جێناکۆکه‌ ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2019 فه‌ریق سه‌عد حه‌ربیه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی سوپای عێراق له‌ پارێزگای که‌رکووک له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: گرنگترین حه‌شارگه‌ی تیرۆریستانی داعش له‌ نێوان شاره‌کانی دۆبز و حه‌ویجه‌ له‌ ڕۆژئاوای که‌رکووک تێکشکێندرا که‌ تیرۆریستان بۆ جێگیرکردنی ئه‌ندامان و ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی دژی خه‌ڵکی سڤیل و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌کاریان ده‌هێنا.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی که‌رکووک به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌شکه‌ری سێهه‌م و شه‌شه‌می پۆلیسی فیدڕاڵ، فه‌وجی 22ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ میحوه‌ری باکوور و فه‌وجی 56ی حه‌شدی عه‌شایر و به‌ پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی سوپا ئۆپه‌راسیۆنێکی ئه‌منییان ئه‌نجام دا که‌ ئازادکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی "الغره‌" و "محکور" و کردنه‌وه‌ی ڕێگای "الحمدونیه‌- طویلعه‌"ی لێکه‌وته‌وه‌ و له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا 12 بۆمبی ده‌ستکرد پووچه‌ڵ کرانه‌وه‌ و چوار حه‌شارگه‌ی تیرۆریستانی داعش تێکشکێندران.

فه‌ریق حه‌ربیه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا زیادی کرد: ئه‌م ناوچه‌یه‌ مه‌ترسییێک بوو بۆ سه‌ر کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی ده‌وروبه‌ری دۆبز، کێڵگه‌ی نه‌وتیی بای حه‌سه‌ن و دیکه‌ی ناوچه‌کانی حه‌ویجه‌ و دۆبز و هه‌روه‌ها شوێنی هاتوچۆی تیرۆریستانی داعش به‌ره‌و شاری مه‌خموور (له‌ باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای هه‌ولێر) و قه‌زای سه‌رگه‌ران (له‌ باکووری دۆبز) که‌ ئێستا له‌ ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌ و تیرۆریستانی داعش ناتوانن دزه‌ بکه‌نه‌ ناو ناوچه‌کانی دیکه‌ی که‌رکووک.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌لغه‌دپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53950

Your Comment

You are replying to: .
captcha