سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستوەردان بۆ ئازاد کردنی نەجمەدین کەریم ڕەت دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئەوان بە هیچ شێوەیێک دەستوەردانیان نەکردووە لە بابەتی ئازادکردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیێکدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەفزیۆنییە ناسراوەکان و کەسایەتیی سیاسی پڕوپاگەندەی ئەوەیان کردووە، گوایە سەرۆک وەزیران دەستوەردانی کردووە بۆ ئازادکردنی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی هەواڵە هەڵبەستراوەکە گوایە لە دوای پەیوەندییێکی تەلەفۆنی مەسعوود بارزانی لەگەڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستوەردانی کردووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی نووسینگەی عەبدولمەهدیدا هاتووە: "ئێمە رەتی دەکەینەوە هیچ پەیوەندییێکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆک وەزیران و مەسعوود بارزانیدا هەبووبێت سەبارەت بەو بابەتە، نە بە ڕاستەوخۆیی و نە بە ناوبژیوانی، بۆیە جەخت دەکەینەوە سەرۆک وەزیران ئاگادارنەکراوەتەوە لە دەستگیرکردنی پارێزگاری کەرکووک دوای ئەوە نەبێت کە لە ڕۆژی دواتردا ئازادکراوە و بە هیچ شێوەیێک دەستوەردانی نەکردووە لە بابەتەکەدا، بۆیە هەواڵی دەستگیرکردنەکەی لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری داراییەوە پێی گەیشتووە لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەدا، ئەویش کاتێک لە فڕۆکەدا بوون بۆ سەردانیکردنی دەوڵەتی کوەیت، کە وەزیری دارایی یەکێک بووە لە ئەندامانی وەفدەکە."

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کاتە سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە بە کردنەوەی دۆسیەیێکی فەرمی بۆ ئاگاداربوون لە بابەتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، بۆیە چەند ئەرکی سیاسییە ئەوەندەش ئەرکی ڕاگەیێندنکارانە کە بەدواداچوون بکەن بۆ ڕاستی و وردەکاریی بابەتەکان بەرلەوەی حوکم لەسەر شتەکان بدەن، چوونکە گۆڕەپانەکە پڕبووە لە هەواڵی دروستکراو و دزەپێکراو و ناڕاست، کە دەبێتە مایەی پێشێل کردنی مافی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەسایەتییەکانی و هاوڵاتییانیش.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نووسینگەی عەبدولمەهدی داوای لە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و ئەوانەش کە ئەو جۆرە پڕوپاگەندە ناڕاستانەیان بڵاو کردووەتەوە، وەک پابەندبوونێک بە ئەرک و کاری بابەتیبوون و مۆراڵی و نیشتمانی، هەواڵەکە ڕەت بکەنەوە و شتەکان بۆ ڕای گشتی روون بکەنەوە وەک ئەوەی هەیە، هەر بۆیە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە مافی خۆیی دەزانێت ڕێوشوێنی یاسایی دادوەری بگرێتەبەر ئەگەر بێتو ئەو پڕوپاگەندە درۆ و دروستکراوانە بۆ ڕای گشتی ڕوون نەکەنەوە.

سەرچاوە: شەفەق نیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53942

Your Comment

You are replying to: .
captcha