کوردپرێس:
پارێزگا نەوتخێزەکەی کەرکووک بۆتە چەقی ململانێی لایەنی کوردیش و عیلاقاتی نێوان هەولێر و بەغداش. لەم نێوانەدا ژمارەیێک چاودێری سیاسی هەردوولا بە خەتابار دەزانن و کەرکووکیش بە قوربانیی موناقەشەی حیزبی و موناقەشەی هەولێر و بەغدا. فەرمان محەمەد ناسراو بە مەلا فەرمان ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان یەک لەو چاودێرە سیاسییانەیە و کوردپرێس مەبەستیەتی ئەو باسەی لەگەڵ بورووژێنێت. بۆیە دیمانەیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ ئەو ئەندامەی پێشووی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کردووە.
دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: حەوتەی پێشوو ئێوە و ژمارەیێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستان لە کار کشایەوە و هەندڵک ڕەخنەتان ئاراستەی بەتایبەت سەرکردایەتیی گۆڕان کرد هۆکراەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
فەرمان محەمەد: بزووتنەوەی گۆڕان کێشەی ناوخۆیی نییە بەڵام ئەوەی کە هەیە ئەمەیە کە ئێمە پێمان وایەی ئەو قیادەی ئێستای گۆڕان قیادەیێکی کلاسیکە و پڕۆژەیێکی بەدەستەوە نییە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و هەم کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکان. ئێمە چەندین جار ڕەخنە خۆمان لە ڕێگای حزبییەوە ڕاگەیاند و هیچ فایدەی نەبوو بۆیە پێمان وتن حەقە خانە راپەڕاندن و سەرکردایەتی دەست لەکار بکێشنەوە بەڵام ئەوان نەیانکرد، بۆیەش وتمان ئێمە دەست لەکار ئەکێشینەوە لەبەر ئەوەی ڕێگەی سیاسییان نییە بۆ حەلی موشکیلەکان.
کوردپرێس: هاوپەیوەند بە کەرکووک و دیکەی ناوچەکان کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە ئێوە وەکوو کەسێک کە شارەزای پرسەکان لە ئێستادا کەرکووک و ئەو ناوچانە بەدەست چییەوە دەناڵێنن؟
فەرمان محەمەد: کێشەکان لەبارەی کەرکووکەوە جیاوازن، بە ڕای پێکهاتەی کوردەوە کێشەکە تەعریبە یەعنی عەمەلی تەعریب وەکوو سەردەمی بەعس و سەدام حسێن خەریکە دووبارە ئەبێتەوە و تەعەدا و غەدر ئەکەن، حکوومەتی مەرکەزیش لە بەغدا حەلی ئەم کێشەیە ناکات و لەمبارەوە بێدەنگ بووە. حکوومەتی هەرێمیش هیچ ئیرادەیێکی بۆ ئەوەی بەدەنگی خەڵکی کەرکووکەوە بێت نییە و بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا لە هەیە لەناوچوونی سەروەت و سامانی ئەم شارەیە. بە ڕای پێکهاتەکانی دیکە وەکوو عەرەب و تورکمان مەسەلەی خزمەتگوزاری و گکێشەی سیاسی هەیە؛ بەڵام مەسەلە سەرەکییەکە کێشە سیاسییەکەیە کە عەمەلەن تەعریبی سەردەمی بەعس ئێستا بەڕێوەیە و ئەگەر وابڕوات ئێمە ئەم ستەم و زوڵمە قبووڵ ناکەین چوونکە جیاوازییێک لە نێوان حکوومەتی ئێستا و حکوومەتی بەعس نابینین.
کوردپرێس: وەک لە لێدوانەکانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و بەتایبەت لایەنی عەرەبی هاتووە ڕەتی دەکەنەوە کە پڕۆسەی تەعریب بوونی هەبێت وەڵامی ئێوە وەکوو لایەنی کوردی چییە؟
فەرمان محەمەد: ئێمە وەکوو دانیشتوانی کوردی کەرکووک دوکیومێنتی زۆرمان هەیە کە ئەم ئیدیعایە ڕەت دەکاتەوە. گوندی پەلکانە سەربە ناحیەی سەرگەران کە ئەوەی موحافیزی کەرکووک بە وەکالەت باسی دەکات تا ساڵی 1976 لە گۆڕستانەکەی ئەوەێ یەک قەبری عەرەب نییە یا ئەمەی کە لە قوتابخانەکەی ئەوێ تا پێش عەمەلی تەعریب یەک تەلەبەی عەرەب نەبووە. لەبارەی حەویجە و جبووریشەوە هەر وایە پێش ئەمە لەم شارەدا تەنها عایلەی حەبیبییەکان هەبووە لە ساڵی 1920 و هیچ عەرەبێکی لێنەبووە بەڵام لە ئێستادا قوەتیان هەیە بەداخەوە عەرەبی شیعە کە کاتی خۆی دۆستی کورد بووە لە شاخەکاندا ئێستا وەفایان نییە بۆ دۆستایەتییەکەی خۆیان و ڕەخنە و گلەی ئەساسیمان ئەمەیە. جگە لەوەش هەموو پێکهاتەکەی ئەو محافەزەیە دەبێت دەردێک بکەین بزانین چەند برا و کەس و کار و هەموو ئەوانە دەعمی داعشیان کردووە و چەنێکیان لەگەڵی نەبوون. بەشێکی عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە بەقایای داعشن هەڵبەت دیارە بەشێکیشیان خەڵکانی باش بوون ئەگینا ئەوەی ئێوە باسی ئەکەن چ لە ڕووی تەئریخیشەوە و چ لە ڕووی جوگرافییشەوە باتڵە چوونکە تەئریخ دەڵێت ناوچەی توزخورماتوو ناوچەیێکی کوردستانییە بەڵام پێکهێاتەی تورکمان و شیعەشی تێدایە. بۆ نموونە سەرنجی پێکهاتەی تورکمانی بدەین. کاتی خۆی عوسمانییەکان هاتوون ئێستاش بە هەموو ئەو تەعریبەی کراوە دیسان لەباری نفووسەوە ژمارەی کورد لەو ناوچانە لە هەموو پێکهاتەکان زیاترە بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی ناوەند لە حاستی ئەو تەحەدایەی لە کورد دەکرێت چاوی نووقاندووە ئەمەش قبووڵ ناکرێت و ڕێگەی یاساییی زۆر هەیە کە بیگرینە بەر و دەشیگرین.
کوردپرێس: وەکوو لایەنی کوردی ئەو دەسەڵاتەیان لە بەردەستدایە کە کۆبوونەوەی ئیدارەی پارێزگا بکەن و پارێزگارێکی کورد دیاری بکەن و بەو شێوەیە ئاسانکاری بکەن بۆ ئەو شتەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووکی پێ دەگوترێت پێتان وایە بۆچی ئەو کۆبوونەوەیە ناکرێت و ئەو کێشە ناوخۆیییانەی لایەنی کوردی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
فەرمان محەمەد: ئێمە پێش ئەوەی نەقدی بەغدا و شیعە و سونە بکەین پێویستە نەقدی سەرکردایەتیی کوردی بکەین واتا هەردوو قیادەی یەکێتی و پارتی. ئەم دوو قیادەیە. هەردوو نەوەی تاڵەبانی و بارزانی تا لە دەسەڵاتدا بن شەڕی براکوژی بەردەوام دەبێت و دووهەمیش ئەوەی یەکڕیزی لە ژێر دەستی ئەم دوو گرووپەی قیادەی یەکێتی و پارتیدا مومکین نیە. ئەمانەی شەڕی دەسەڵات و شەڕی نەوت و پۆست و مەسڵەحەت دەکەن. ئێستا شتەکە بۆتە تیجارەت. واتا کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لای ئەم دوو حیزبە نەماوە بەڵکوو لەبیری ئەوەدان چۆن ڕێککەوتن بکەن و نەوتی زیاتر بفرۆشن. بۆیە دەوترێت یەکێتی ئیتفاقی کردووە کە ئەم پارێزگارە بمێنێتەوە.
کوردپرێس: ئێوە پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پڕۆژە و ڕۆئیایان بۆ کەرکووک و دیکەی ناوچەکان نیە و تەنیا باسی بەرژەوەندیی خۆیانە. ئەی پڕۆژە و ڕۆئیای ئێوە چیە؟ چارەسەری کەرکووک و ئەو ناوچانە بە چی دەزانن؟
فەرمان محەمەد: دیارە ئێمە بە هەمان شێوە کە نەقدی قیادەی پارتی و یەکێتی دەکەین ڕەخنەمان لە قیادەی گۆڕانیش هەبووە بەڵام بەگشتی قیادەی گۆڕان فاسد و تاجر نیە بەڵکوو تەنیا ڕەئیی سیاسیی لاوازە. هەر لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە و لە کاتی کاک نەوشیروانەوە کەرکووک لە ئەولەویەتدایە بۆ گۆڕان. بەڕای گۆڕان کەرکووک دەبێتە جەمسەرێکی نیشتمانپەروەرانە کە پێکهاتەکانی دیکەش ڕازی بن. با لە پەرلەمانی عێراق لەجیاتی ئەوەی لەسەر مەسەلەی مووچە و پارە دەرچینە دەرەوە با لەسەر مەسەلەی خاک و کەرکووک بچینە دەرەوە. با ئەگەر مەسەلەی کەرکووک چارەسەر ناکرێت بڵێین سەرۆککۆمار هەڵوێست وەربگرە تەنانەت با بکشێتەوە. با بڵێین ئەگەر ئێوە ئیلتیزام بە مادەی 140ی دەستووری خۆتانەوە ناکەن ئێمە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێینەوە. یان خود ڕێگە قانوونییەکان زۆرە و جگە لەوەش دادگای فیدراڵی هەیە. ئێم دەڵێین بەڵێ دەمانەوێت وەحدەی عێراقی بپارێزین بەڵام لە نێو وەحدەی عێراقیدا ئەبێ مافی گەلی کورد پارێزراو بێت. جگە لەمانەش ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و بەیاننامەدەرکردن و یان خود پەنابردن بۆ یوئێن و کۆمەڵێک ڕێگەی دەستووری و یاساییی دیکەش هەن کە دەتوانین بیگرینە بەر. مەسەلەی کەرکووک و خانەقین و خورماتوو مەسەلەیێکی مێژوویییە چوونکە سەدام خوسێن کوردی لەم شارانە دەرکرد.
کوردپرێس: ئاماژەتان بەو دەورە دا کە پەرلەمان دەتوانێت بیبینێت. وەکوو خۆتان ئەدای پەرلەمانتارانی کورد و بەتایبەت پەرلەمانتارانی پارێزگای کەرکووک کە یەکێتی 6 پەرلەمانتاری هەیە، لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیوەند بە کەرکووک و ئەو ناوچانە چۆن دەبینن؟
فەرمان محەمەد: تا ئێستا جووڵەیێکی هەستپێکراو نەبووە. حەرەکە بەوە دەڵێن پەرلەمانتارانی کورد چ ئەوانەی کەرکووک و چ دیکەی کوردەکانیش کارێک بکەن کە لە ئاستی کەرکووکدا بێت. ئەوانەی کەرکووک لە ئاستی ئەوەدا نین. دەبێت لە ئاستی قیادەی سیاسی کار بکرێت. ئەو قیادە سیاسییەی "زۆر منداڵانە" ڕیفراندۆمیان کرد... یان چۆن کەرکووکیان وا لێ کرد ئەبێ هەر ئاواش بێنە سەر خەت لە گەڵ بەغدا. دیارە پەرلەمانتار هیچی بەدەست نیە.
کوردپرێس: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامەیێکی بۆ یوئێن و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ناردووە سەبارەت بە جێبەجێ کردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق. ئەم جۆرە هەوڵە دیپڵۆماسییانە چۆن دەبینن؟
فەرمان محەمەد: من پێم وایە حوکمی کوردی کە ئەو دوو حیزبە لە 28 ساڵی ڕابردوودا کردوویانە حوکمێکی فاشیل بێت. ئەو کارەش کاتێک بایەخدار بوو کە قیادەی کوردی بیکردایە. من پێیان دەڵێم هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی ئەی بۆچی هێزەکانتان یەک ناخەن. بۆچی هێزەکانتان لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نیە؟ بۆچی هێزی 70 و 80تان هەیە؟ بۆچی دوو ئاسایشتان هەیە؟ کێشەکە ئەوەیە ئەمانە عەقڵی حیزبییان هەیە. ڕاستە ئەم داوایە لە ئوئێن کراوە بەڵام ئەگەر داواکارییەکە وەحدەی لەگەڵ نەبێ سوودی نابێت. بۆ نموونە منیش داوام کردووە. من ساڵی 1988 داوای موحاکەمەی سەدام حوسێنم کردووە بەڵام خۆ هیچ نەکرا. دیارە ماڵی کورد یەک نیە و داواکەش ئەگەر عەقڵییەت و ڕۆئیای کوردی لەگەڵ نەبوو سەرناگرێت. بە قەناعەتی منیش ئەم دوو حیزبە ناتوانن ماڵی کورد یەک بخەن. هەرکات ماڵی کورد یەک خرا ئەو کات دەتوانین داوا لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دراوسێ هەموویان و ئوئێن و کۆمەڵگەی دەولی بکەین بە دەم کوردەوە بێن و کاری خۆمان بکەین. بەڵام بەگشتی لە نێو خەڵکیشدا نەوەی تازە و ڕۆئیا و حەرەکاتی تازە هەیە. خەڵکی ئێستا لەوەگەیشتوون کە بە وەحدە و بە جووڵەی مۆدێڕن نەبێت دەنگیان ناگاتە مەقسەد ئێستا ڕێگەکە بەغدا بێت یان یوئێن یان هەر جێگایێکی تر.
کوردپرێس: لە ئەنجامدا چارەسەری کەرکووک بە چی دەبینن؟ ئایا بلکێت بە هەرێمی کوردستانەوە؟ یان دەبێت لە نێو عێراقدا بمێنێتەوە یان خود وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ بێت؟
فەرمان محەمەد: کەرکووک بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا دەبێت هەر بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. بە قەناعەتی من کەرکووک دەتوانێت لە ناو هەرێمی کوردستان بێت بەڵام ئیدارەی تایبەتی خۆی هەبێت و خاوەنی بودجە و ئابووری خۆی بێت و حوکمەکەی بە هاوبەشی بکرێت. واتا لە زمنی خاک و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت بەڵام هەموو پێکهاتەکانی بە عادیلانە تێدا بەشدار بکرێت. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وەحدەی عێراقیدا بێت بەڵام کەرکووک خاوەنی ئیدارەی خۆی بێت لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
کوردپرێس: پاش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 بەردەوام ڕەخنەی زۆر لە هەردوو لایەنی کوردی گیراوە. ئێستا ئێوە لەوێن. بارودۆخی ئەمنیی کەرکووک بەتایبەت لە ئێستادا چۆنە؟ ئایا لایەنی عێراقی توانیویەتی ئەمن و ئاسایشێکی سەقامگیر لەوێ دابین بکات؟ یان ئەوەی کە دەوترێت تەنیا باسی میدیایییە و بۆ بەرژەوەندیی حیزبییە؟
فەرمان محەمەد: ئەوەی دەوترێت لە چەند ڕەهەندەوە جێگەی باسە. یەکەم لەڕووی تەجاوزاتی ئەرزەوە. تەجاوزی ئێجگار زۆر بە موڵکی هاووڵاتییان کراوە. وەک چۆن لە سەردەمی حیزبە کوردییەکاندا دەکرا ئێستا زۆر خراپتریش دەکرێت. هەر لێرەوە داوا لە مەرجەعییەتی شێعە ئەکەم بێن و سەیر بکەن. ئەو موڵکانەی داگیرکراون عەلەمی حەزرەتی عەلی و حەزرەتی حوسێنی لەسەر دانراوە. بۆیە بەڕای من ئەمە غەدرێکە لەو ئیمامانە کراوە. ڕەهەندی دووهەم: کوشتن و ڕفاندن و بەگشتی جووڵەکانی داعش لەم شارەدا شتێکی ئاشکرا و دیارە. بەڕای من لایەنی عێراقی بەتەنیا ناتوانێت ئەم شارە بپارێزێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە لەم شارەدا غەریبە. هەروەکوو چۆن هەموو هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڕوات ناتوانێت دیفاع لە بەسرە بکات چوونکە بەڵەوی ناوچەکە نیە. چارەسەرەکەش تەنیا ئەوەیە لە ئەنجامدا هێزێکی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای دەوڵەتی فیدراڵ دروست ببێت.
دیمانە: حەسەن ساڵحی
Your Comment