به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 26ی ئایاری 2019 محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی له كۆنگرهیێكی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران خسته‌ڕوو و باسی له‌وه کرد که ئاماده‌ن ڕۆڵی نێوه‌ندگیر بگێڕن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتیشی: له كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ زه‌ریف باس له ڕێككه‌وتنی زیاتری نێوان عێراق و ئێران كراوه له ڕووی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان و دروست كردنی شاری پیشه‌سازی هاوبه‌ش، هاوكات باسیان له به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ر دوو وڵات له ڕێگه‌ی هێلی ئاسنینه‌وه کردۆته‌وه.
حه‌كیم سه‌باره‌ت به گه‌مارۆ و سزا ئابوورییه‌كانیش كه له‌لایه‌ن واشتنه‌وه به سه‌ر تاران‌دا سه‌پێندراوه ڕوونی كرده‌وه که ئه‌و گه‌مارۆیانه به سوود نابن و زیانیان هه‌یه بۆ ناوچه‌كه.
هاوكات ڕاشیگه‌یاند: دژی ڕێكار و سزاكانی ئه‌مه‌ریكان و پشتگیری و پشتیوانی له ئێران ده‌كه‌ن.
لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وام ده‌بن له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و ده‌یانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌بێت.
زه‌ریف سه‌باره‌ت به گرژییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: ئێمه پابه‌ندی ته‌واوی ڕێككه‌وتننامه و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانین و ئه‌مه‌ریكاشی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه پێشێلی ڕێككه‌وتنه‌كانی كردووه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد که ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له ڕاپۆرته‌كانیدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه تاران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كان بووه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment