سه‌عدی پیره‌: هاوکات له‌گه‌ڵ پێکهێنانی حکوومه‌ت پۆستی پارێزگاری که‌رکووکیش یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاشكرای كرد له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا پۆستی پارێزگاری که‌رکووکیش یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌.

کوردپرێس:

سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێم پۆستی پارێزگاری که‌رکووکیش یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه‌ و یه‌کێتیش که‌سێک بۆ ئه‌و پۆسته‌ کاندید ده‌کات.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ پێشتر که‌مال که‌رکووکی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی ته‌ئکیدی کردبوو که‌ ئه‌م حیزبه‌ ڕێچاری پرسی که‌رکووک به‌ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌ستنیشان‌کردنی پارێزگارێکی سه‌ربه‌خۆی کورد ده‌زانێت و دژایه‌تیی حیزبه‌که‌ی له‌گه‌ڵ دیاری‌کردنی پارێزگارێکی سه‌ر به‌ یه‌کێتی ڕاگه‌یاندبوو.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی که‌سێک پێشنیار بکات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پارێزگاری که‌رکووک وتی: ڕێکكه‌وتننامه‌ی یه‌کێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ پارتی کاندید دیاری بکات، ڕێککه‌وتننامه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌کێتی کێ پێشنیار ده‌کات نه‌ک پارتی.

پارتی و یه‌كێتی مانگی نیسانی ڕابردووی ئه‌مساڵ ڕێككه‌وتنامه‌ی سیاسیی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و دانانی پارێزگاری كه‌ركووک واژۆ كرد. له‌ کاتی ڕێکكه‌وتنی نێوانیاندا بڕیار درا لیژنه‌یێک پێکبهێندرێت بۆ چاودێری کردنی جێبه‌جێ کردنی خاڵه‌کانی ڕێکكه‌وتنه‌که‌ به‌ڵام تا ئێستا لیژنه‌که‌ پێکنه‌هێندراوه‌ و سه‌عدی پیره‌ سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ زیادی کرد: ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌ هه‌ر دوو مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی و پارتی پێکدێت، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ڕێکكه‌وتنه‌که‌یان ئاماده ‌کردووه‌ چاودێریشی ده‌که‌ن تا به‌ ته‌واوی جێگیر ده‌کرێت.

هاوکات سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵی ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: به‌ر له‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ده‌نگ به‌ كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم بده‌ن ده‌بێت گره‌نتی وه‌ربگرن كه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، پارتی ئه‌ندامه‌كانی بنێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک و پارێزگارێكی یه‌كێتی بۆ شاره‌كه‌ دیاری بكرێت و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=46028

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53933

Your Comment

You are replying to: .
captcha