بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساجد جاوید وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هۆشداری داوە ئەگەر هاووڵاتییانی بەریتانیی کە چوونەتە سووریا و لەگەڵ هێزە کوردەکان شەڕی داعشیان کردووە بەزووترین کات بۆ وڵاتەکەیان نەگەڕێنەوە 10 ساڵ زیندان بەسەریاندا دەسەپێت.
هێزە کوردەکانی سووریا کە لە 2014وە شەڕی داعش دەکەن و نزیک یەک لەسەر چواری خاکی سووریایان لە کونترۆڵی ئەو گرووپە دەرهێنا، توانیویانە ژمارەیێک سەربازانی پێشووی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ تەڤڵ بوون بە خۆیان ڕابکێشن. دەیان کەس لە ئەندامانی بیانی یەپەگە لەشەڕی داعش و شەڕی هێزەکانی سەربە حکوومەتی تورکیا لەناوچەی کوردنشینی عەفرین گیانیان لەدەست داوە.
ئەم کەسانە سەرەڕای کۆتایی هاتنی شەڕ لە سووریا هێشتا لەگەڵ هێزە کوردەکان ماونەتەوە و نایانهەوێت وەکوو ژمارەیێک لە هێزەکانی دیکە لە سووریا بکشێنەوە. بەڵام ساجد جاوید وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەبارەی مانەوەی ئەو هێزانە لە سووریا هۆشداری داوە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەئاوڕدانەوە لەوەی کە دەوترێت هێزە کوردەکانی سووریا لەگەڵ پەکەکە، کە بەریتانیا بە ڕێکخراوەیێکی تیرۆریستیی دەزانێت پێوەندییان هەیە ئامادەبوونی هاووڵاتییانی بەریتانی لە سووریا بە هاوکاری کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان ناو دەبات و هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەو کەسانە بەزووترین کات سووریا بەجێنەهێڵن پاش گەڕانەوەیان بۆ بەریتانیا 10 ساڵ زیندانی دەکرێن.
تا ئێستا زیاتر لە 10 ئەندامی بەریتانیی هێزە کوردەکانی سووریا لە شەڕی داعشدا گیانیان لەدەست داوە. بنەماڵەی ئەم قوبانیانە و دەیان خۆبەخشی بیانی ئەندامی یەپەگە و کەسانێکی ناودار وەکوو نوام چامسکی نامەیێکیان ئاراستەی وەزیری ناخۆی بەریتانیا کردووە وە داوایان کردووە لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز ببێتەوە.
سەرچاوە: گاردیەن
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment