لە ئێستادا هیچ کوردێک لە ڕیزەکانی داعشدا نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا بە خۆڕادەست کردنی 150 داعشی کورد و وتی لە ئێستادا هیچ کوردێک لە ڕیزەکانی داعشدا نەماوە.

کوردپرێس: لە سەرەتای دەرکەوتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا ژمارەیێک ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زانیاریی نوێ لەبارەی داعشە کوردەکانەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت زۆربەیان کوژراون و ژمارەیێکیشیان خۆیان ڕادەستی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەڵام نزیکەی ٢٠ کەسیان چوونەتە نێو ڕیزەکانی بەرەی نوسرەوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا خەڵکێک لە ھەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان بەو گرووپەوە کرد و ژمارەی کوردانی ھەرێمی کوردستان لەنێو داعش گەیشتە ٥٠٠ کەس، بەڵام دوای دوو ساڵی یەکەم، پەیوەندی کردن بە داعشەوە بەرەو کەم بوونەوە و دواتر نەمان چوو، زۆربەی ئەو کوردانەی لەنێو داعش بوون کوژراون و بەپێی ئاماری بەردەستی ئێمە نزیکەی ٣٥٠ چەکداری کوردی نێو داعش کوژراون.

بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی بوو، دەڵێت: لەو کوردانەی لەنێو داعش نەکوژرابوون، بەشێکی زۆریان خۆیان ڕادەستی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە، کە ژمارەیان ١٥٠ کەسێک دەبوو، بەپێی یاسا مامەلەیان لەگەڵ دەکرێت.

لەبارەی ئەو داعشە کوردانەی ماون، نەقشبەندی گوتی: چەکداری کورد لەنێو داعش نەماوە، لەبەر ئەوەی دوای شکستی داعش لە باغۆز و ناوچەکانی دیکەی سووریا ھیچ کوردێک دەستگیر نەکراوە کە لەگەڵ چەکدارانی داعش بووبێت، ھەتا لەو ٩٠٠ چەکدارەی ڕادەستی عێراق کراونەتەوە ھیچ کوردێکیان تێدا نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کورد لەنێو داعش نەماوە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ژمارەی ئەو کوردانەی لە سووریا لەنێو ڕیزەکانی داعش مابوون، ھەمووی ٢٠ چەکدارێک دەبێت، بەڵام زانیاری ھەیە ئەوانە داعشیان بەجێ ھێشتووە و لە سووریا پەیوەندییان بە گرووپی بەرەی نوسرەوە کردووە، ئەوەش بە گوتەی خێزانە داعشەکان.

پەیوەست بەو لیژنەیەی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەگژداچوونەوەی بیری توندڕۆیی پێک ھاتبوو، مەریوان نەقشبەندی گوتی: لیژنەکە بە ھاوبەشی لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدڕاڵدا پێک ھاتبوو، بەڵام ئێمە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتاڕاپۆرتی خۆمان وەک لیژنە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی عێراق کرد و کۆتاییمان بە کارەکانمان ھێنا، بەتایبەتی مەلەفی کوردانی نێو داعش داخراوە و شتێک نەماوە بەو ناوەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53877

Your Comment

You are replying to: .
captcha