خانووی ماڵە باوکی هەژار دەکرێتە مۆزەخانە

بەشی فەرهەنگ و هونەر- بەرپرسی کۆمسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شاری ئیداریی مەهاباد ڕایگەیاند: بڕیار دراوە خانووی ماڵە باوکی مامۆستا هەژار بکڕین و بیکەین بە مۆزەخانە.

کوردپرێس:

مستەفا ئەحمەدزادە بەرپرسی کۆمسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی ئیداریی شاری مەهاباد بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند کۆمسیۆنەکەیان پێشنیازی کردووە خانووەکەی ماڵە باوکی مامۆستا هەژار مووکریانی بکڕن و بیکەن بە مۆزەخانە و پێشنیازەکەش بە زۆرینەی دەنگ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا پەسەند کراوە.

بەرپرسی کۆمسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شاری مەهاباد گوتیشی: "خانووەکەی ماڵەباوکی مامۆستا هەژار لە گەڕەکێکی کۆنی شارەکەیە کە دەکەوێتە بەرانبەر مزگەوتی مێژووییی "ڕۆسەم بەگ".

ئەحمەدزادە زیادی کرد: وەکوو هەنگاوی یەکەم پێشنیازەکەمان ئاراستەی بنەماڵەی شەرەفکەندی کرد و هەوڵمان دا ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵە بەناوبانگە بەدەست بهێنین و بەختەوەرانە تا ئەم کاتە پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە.

مامۆستا عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی کوڕی مەلا "محەمەد بۆر" ساڵی 1300ی هەتاوی بەرانبەر بە 1921 لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. گەنجینەیێکی بەپیت و دەوڵەمەند لە مامۆستا هەژار بەجێ ماوە کە دەیسەلمێنێت لە وشەناسی و شاعیری و وەرگێڕان و توێژینەوەدا سەرمەشقێکە بە ئەدیب و نووسەر و شاعیرانی بەرەکانی پاش خۆی. "قانوون"ی ئەبوو عەلی سینا ئەو کتێبەیە کە لەبەر زەحمەت بوونی دەقەکەی هیچ فارسێک خۆی لێنەدادا کاری وەرگێڕانەکەی بکات بەڵام مامۆستا هەژاری کورد ئەو ئەرکە قورسەی ئەنجام دا. فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە و وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز و وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام تەنیا چەند نموونەی هەرەسەرکەوتووی مامۆستایە. ئەوەش جگە لە بەرهەمەکانی خۆی بە شێعر و بەسەرهات و پەخشان و هتد.

News Code 53863

Your Comment

You are replying to: .
captcha