ڕۆحانی: ئێران سەر بۆ ملهوڕان دانانەوێنێت

بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە و وتوویەتی با کاربەدەستانی ئەمریکا بزانن ئێران سەر بۆ هیچ ملهوڕێک دانانەوێنێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 31ی گوڵان بەرانبەر بە 21ی ئایاری 2019 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و پڕۆژەی بەنداوی کەرەم ئاوای پولدەشتی کردەوە و ئەو بەنداوە لە ئەمڕۆوە بە فەرمی دەستی کرد بە گلدانەوەی ئاو.

ڕۆحانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: دوژمنانی ئێران بە خەیاڵی خاوی خۆیان وایان دەزانی دەتوانن بە گوشار کردن چۆک بە ئێران دابدەن بەڵام کردنەوەی پڕۆژە گەورەکان دەلالەتن لە سەر ئەوەی ئێران تەسلیمی ئەو گوشارانە نابێت و کردنەوەی ئەم پڕۆژە ئابوورییەش کە بەنداوی کەرەم ئاوای پولدەشتە نموونەیێکە لە گەشەی ئابووریی ئێران.

سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: ئێران هەرگیز لە گوشاردا تەسلیمی دانووستاندن نابێت و ئەگەر نیازی گفتوگۆ دانووستاندنیش هەبێت بەم دۆخەی ئێستاوە قەت ناکرێت.

ناوبراو گوتیشی: "کۆشکی سپی ئیدعا دەکات کە هەڕەشەی سەربازی و گوشارخستنە سەر ئێران لە بەردەستیاندایە بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک پێنتاگۆن و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ترەمپ ناچار دەکات کە بڵێت نیازی شەڕ کردنی لەگەڵ ئێران نییە. ئەمە دەسەڵات و شکۆی گەلی ئێرانە وا دەکات ئیدارەی ترەمپ ئەو لێدوانە بدات."

شایانی باسە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەمە 31ی گوڵان بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بە پێی خشتەی بەرنامەکانی سەرۆککۆمار کردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی کەرەم ئاوای پولدەشت گرینگترین مەبەستی ئەو سەردانەی ڕۆحانی بووە.

News Code 53831

Your Comment

You are replying to: .
captcha