کوردپرێس:
سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی بابه‌ته‌کانی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له بودجه‌ی 2019ی عێراق، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و نه‌وت به ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاندووه: به‌غدا له ساڵی 2014وه تا ئێستا ته‌نها سێ مووچه‌ی ناردووه و هێشتا مووچه‌ی مانگی چواره‌م و هێزی پێشمه‌رگه‌شی نه‌ناردووه.
ناوبراو گوتیشی: "حکوومه‌تی عێراق له ساڵی 2019دا سێ موچه‌ی ناردووه كه بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه، یه‌ک مووچه بۆ مانگی 12ی 2018 به بێ پاشه‌كه‌وت دراوه، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا مووچه دواكه‌وتووه واته پێدانی مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه پێویستی به دوو ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دۆلاره که مووچه‌ی سێ مانگه‌که‌ی پێ بدرێت و مووچه ڕێک بێته‌وه بکه‌وێته‌وه سه‌ر "سکه" به‌ڵام ئێستا ئه‌و بڕه پاره‌یه له به‌رده‌ست حکوومه‌تی هه‌رێم نییه و هیوادارین له‌گه‌ڵ به‌غداد بگه‌ینه ڕێککه‌وتن که حکوومه‌تی عیراق به‌پێی یاسا ده‌بێت بودجه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له هه‌رێمی بڕی له 2014ه‌وه بداته‌وه هه‌رێم و ئه‌گه‌ر گه‌یشتینه ڕێککه‌وتن ئه‌وکات مووچه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ش ده‌درێته‌وه فه‌رمانبه‌ران."
سه‌فین دزه‌یی له‌سه‌ر پرسى ڕاده‌ست کردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به به‌غدا ڕایگه‌یاند: هه‌رێم ل ڕووی "پرنسیب"وه هیچ کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه كه ئه‌و بڕه نه‌وته ڕاده‌ستی به‌غدا بكات به‌ڵام کۆمه‌ڵێک بابه‌تیتر هه‌یه که پێویسته له‌و پرۆسه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت و تا ئێستا له‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وتیش هیچ ڕێککه‌وتنێک نه‌کراوه.
وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیادی کرد: ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌ندیی هه‌یه به بودجه‌وه نه‌ک مووچه و به دڵنیاییه‌وه پێویسته چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه به‌ڵام تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رێک نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment