لاوان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی دانیشتووی شاری کەلار نزیک لە شاری خانەقین بۆ کوردپرێس باسی دواهەمین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: پاش ڕووداوەکانی کەرکووک و کشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا بۆشاییێکی ئەمنی لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دیالی دروست بووە. یەک لەو شارانەی کە ئێستا زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی دەبێتەوە خانەقینە. بۆ ماوەی یەک ساڵە هەموو ڕۆژێک ئەم شارە ڕووبەڕووی هەڵمەتی تیرۆریستی کوێر و تەماوی دەبێتەوە کە بە هۆیەوە دەیان خەڵکی مەدەنی کوژراون و بریندار بوونە.
ناوبراو درێژەی دا: ژمارەیێک لە گوندنشینەکان کۆچی بە کۆمەڵیان کردووە و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە. ئەمساڵ لە وەرزی کۆکردنەوەی دغڵ و داندا زەوینی هاووڵاتییانی کورد بە تەواوی سووتێندرا و سەدان تەن بەرهەمی وەرزێرانی کورد لەناو چوو.
لاوان ئەحمەد زیاتر دەڵێت: ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە عێراق کۆتایی داعشی ڕاگەیاندووە بەڵام تا ئێستاش ئەم گرووپە لە خانەقین چالاکن و دۆخی شارەکە ناجێگیرە.
ئەندامی سندیکای ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕەخنە لە خەمساردیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە دەگرێت و دەڵێت تا ئێستا بە هانای خەڵکەوە نەهاتوون.
لاوان ئەحمە دەڵێت خەڵکی ناوچەی خانەقین خوازیاری گەڕانەوەی پێشمەرگەن و دەڵێن بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری دەبێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێگیر بکرێن.
ناوبراو ئاماژەی بە هەوڵی نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عێراق دا و وتی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بەپێویستی دەزانن سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمە بکەن لەسەر خەڵکی خانەقین هەیە. ئەوان هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوام بوونی دۆخی خانەقین رەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خەڵکەکەی.
ئەندامی سندیکای ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە: لەئێستادا دۆخی خانەقین مەترسیدارە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی ڕووخانی سەدام لە 2003 خانەقین یەکێک لە شارە ئارامەکانی عێراق بوو.
لاوان ئەحمەد لە کۆتاییدا دەڵێت بەڕای ئێمە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شاری خانەقین و هەنگاوی کرداریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش و پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش تەنها ڕێگای گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment