بەپێی هەواڵی کوردپرێس ژنەراڵ حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی یەکشەمە 29ی گوڵان بەرانبەر بە 19ی ئایاری 2019 لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەنداو و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایگەیاند: بەم ڕووداوانەی ئەم دواییەی ناوچەکەوە دەرکەوت کە حەجمی دەسەڵات و هێزی ئەمریکییەکان تا چ ڕادەیێکە و با واشەنتن بزانێت ئێستا خاکی ناوچەکە بۆتە ژیلەمۆ و دەست لێدانی ئاسان نییە.
ژنەراڵ سەلامی گوتیشی: ئەمریکا بە ڕواڵەت وای دەنوێنێت کە توانا و هێزی سەبازیی مەترسیداری هەیە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هێزەی ئەمریکا حەجمەکەی دەرکەوتووە و دیارە لە ناوەوە ئێسقانەکەی پووکاوەتەوە.
فەرماندەی سوپای پاسداران فەلسەفەی سیاسیی ئەمریکای بە تاڵانکاری وەسف کرد و گوتیشی: ئەمریکا دەیەوێت هەموان ڕەعیەتی ئەو بن و حوکمی هەموو جیهان بکات و هەمان عەقڵییەتی ئەمریکایە بۆتە زەمینەخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانی شەڕ و نائارامی و توندئاژۆیی لە ناوچەکە بەڵام زۆر ناخایەنێت کە هەموان دەبینن ئەو عەقڵیەتە شکست دەهێنێت.
ناوبراو دووپاتیشی کردەوە کە ئێران ئەگەرچی خوازیاری شەڕ نیە بەڵام هەرگیز لێیشی ناترسێت. دەشڵێت: "بەپێچەوانەوە ئەمریکییەکان لە شەڕ دەترسێن و ئیرادەی شەڕکردنیان نیە."
لێدوانەکەی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێکدایە گرژیی نێوان واشەنتۆن و تاران پەرەی سەندووە و ئیدارەی ترەمپ پاش کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک لە چەند قۆناغدا سزای ئابووریی سەختی بە سەر ئێراندا سەپاندووە و ئێستاش دەوڵەتی ترەمپ ئیدعا دەکات کە بەنیازە داهاتی نەوتی ئێران بگەیێنێتە ئاستی سیفر و فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە پەک بخات. ئەوەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێرانی سیاسی و ئابووری بڕوایان وایە ئەمریکا لەو هەڵمەتەیدا سەرکەوتوو نابێت.
Your Comment