مەسعوود عەبدولخالق بەڕڵێوەبەری دەزگای میدیایی standardkurd لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: ململانێیێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ململانێیێک کە بەشێکیان ئاسۆییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ئێرانە، بەشێکی دیکەش ئەمریکا و ئیسرائیل هاتوونەتە سەر خەت و لایەنگری لە ناسیونالیزمی عەرەبی دەکەن.
ناوبراو لەبارەی سیاسەتێک کە دەبێت هەرێمی کوردستان هەمبەر کێشەکانی ئێستای ناوچەکە بیگرێتە بەر زیاتر وتی: ئێمەی کورد دەبێت زۆر ورد بین هەمبەر ئەم قەزییە، دەبێت بە وردی دراسە بکەین کە سەرەنجامی ئەم ململانێیە چییە، کورد دەبێت هەڵنەخەڵەتێت جارێکی تر چوونکە حەڵقەی لاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردە، زۆر جار لەو ململانێیە کە چووینەتە ناوی نەمانزانیوە سەرەنجامەکەی چییە و کورد بیری ململانێکەی بە وردی نەکردووەتەوە. ئێستا زۆربەی سەرکردایەتیی کورد نازانن سروشت و تەبێعەتی ئەو ململانێیە ئایا جەنگە یا شەڕی ئابوورییە یاکوو لە کۆتاییدا دەگاتە گفتوگۆ و دانووستان.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە زیادی کرد: سەرکردە کوردەکان دەبێت زۆر ورد بن. تێکڕای سەرکردایەتیی کورد حەز ناکات ئەو شەڕە ببێت لەنێوان ئێران و ئەمریکا و هەموویشیان ئەم قسەیان کردووە کە ئەوان نابنە تەرەفێک لەو شەڕە و ناهێڵن خاکی کوردستان بەکار بهێندرێت لە بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێک، ئەو هەڵوێستەی سەرکردایەتیی کورد و خەڵکی کوردستان زۆر بە ئیجابی دەبینم.
مەسعوود عەبدولخالق، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە بژاردەیێکی باش بۆ ناوبژیڤانی کردنی ئێران و ئەمریکا وەسف دەکات و دەڵێت: ئێمە سەرۆک کۆمارێکمان هەیە تا ڕادەیێک چالاکە و بوعدی دووهەمیشی هەیە و قسەی دەڕوا لە دوەل، هەموو خەڵکی کوردستان دەبێت پاڵپشتی ئەو سەرۆک کۆمارە بکات بۆ ئەوەی کە دەستپێشخەرییێک بکات بۆ ئەوەی هیچ جۆرە ململانێیێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتا کێشەیێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە ڕوونەدات و هەر بە دانووستان لەناو خاکی عێراق یا هەرێمی کوردستان ئێران و ئەمریکا کۆ بکەنەوە و پێکبێن چوونکە شەڕ لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا لەبۆ کورد و عێراق زۆر زیانبەخشە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment