بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەSNNی ڕاگەیاند: "دووریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش كەمترە لە یەک كیلۆمەتر".
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بۆچی ڕێگە دەدرێت داعش لە چیای قەرەچوغ بمێنێتەوە، بەرپرسەكەی یەكێتیی وتی: "مانەوەیان پەیوەستە بەفشارەكانی ئەمریكا و فشاری نێودەوڵەتی، چوونكە ئەمریكا بۆ هەر ئەگەر و كارێک كە خوازیار بێت پرۆسەی سیاسی عێراق تێكبدات یان ئامانجی خۆی نەپێكا، ئەم تیرۆریستانە وەک شانۆگەریێک بەكار دەهێنێت و كاری خۆی پێ ئەنجام دەدات".
بەوتەی بەرپرسەكەی یەكێتیی، "یاریەكان زۆر بەڕوونی دیارن كە بەداعشەوە دەكرێت، ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە كە وەک ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لە ناوچەكە هاتوون و بەویستی خۆیان لە چیای قەرەچوغ جێگیر بووبن، بەڵكوو بەئاشكرا دیارە داعش پەیوەستە بەفشاری ئەمریكا، توركیا، وڵاتانی كەنداوەوە، ئەم یاریەش لە ناوچە گەرمەكان لە خانەقینەوە تا دەگاتە زوممار بوونی هەیە و كوردیش بەشدارە تێیدا".
لەبارەی كۆتایی هاتنی ئەو فشارە و مانەوەی داعش لەو سنوورە وتی: "ئەم یاریە نزیک بۆتەوە لە گەشەكرنی یان كۆتایی پێهێنانی، فشارەكانی ئەمریكاش كاریگەری خستۆتەسەر عێراق و هەرێم، بۆیە دەبێت هەرێم و حكوومەتی عێراق خۆیان یەكلا بكەنەوە لە نێوان ئەمریكا و ئێران، لەو هەڵبژاردنانەش ئەگەر بەویستی ئەمریكا نەبێت كارتی فشار بەكار دەهێنرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment